ئیبراهیم عەبدول مەجید، بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشت وگوزاری هەرێم لە چاوپێکەوتنێک بە ــ تۆڕی میدیایی خەڵک ــ ی ڕاگەیاند، دەستمان بە ئامادەکاری کردووە بۆ پێشوازیکردن لەو گەشتیارانەی ئەمساڵ بەمەبەستی بەسەربردنی پشووەکانی سەری ساڵ سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
لەبارەی ئامادەکارییەکانەوە ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان و کۆمپانیا گەشتیارەکان و ئاسایشی بازگەکان لەسەرهێڵین و هەماهەنگییان هەیە بۆئەوەی هیچ کەم و کوڕییەک ڕوونەدات. وتیشی هەموو ڕێکارێک گیراوەتەبەر بۆئەوەی گەشتیار هەست بەئارامی بکات و “بەشێکیش لەچاڵاکییەکان لەڕێگەی کەرتی تایبەتەوە دەبێت”
ناوبراو لەبەشێکی تری قسەکانی ئەوەی ڕوونکردەوە، کە ژمارەیەک کۆنسێرت و ئاهەنگ بەبەشداری هونەرمەندانی ناوخۆیی و بیانی بەڕێوەدەچێت.
ئیبراهیم عەبدولمەجید سەبارەت بەهاتنی گەشتیاران بە ــ خەڵک ــ ی ڕاگەیاند، پاڵپشت بەپلان و ئامادەکارییەکان پێشبینی دەکەین بۆ سەری ساڵ ٢٠٠ هەزار گەشتیار ڕوو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بکەن. ئەوەشی خستەڕوو، زۆرینەی گەشتیارەکان لەباشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە دێن و لەو رێژەیەش ٢٥٪ی گەشتیارانمان لەدەرەوەی عێراقەوە دێن و گەشتیاری نێودەوڵەتین.
وتیشی بەراورد بەساڵانی ڕابردوو ژمارەی گەشتیارانمان لەمساڵدا زیاد بووە بەجۆرێک لە ١١ مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە ٧ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار گەشتیار سەردانی شوێن و ناچەکانی هەرێمی کوردستانیان کرردووە.