بەڵێن عزەت میکە
دوای ئەوەی دەرکەوت یاسای بودجە چەندین کێشەی گەورەی تێدایە و بەهۆیەوە رێگری لە ناردنی پشکی هەرێم کرا و ئاستەنگ بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دروستبوو. ئێستا داوای هەموارکردنەوەی یاسای بودجە دەکرێت، بەشێوەیەک کە پێشنیازێک کراوە بۆئەوەی پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە پشکی هەرێم جیابکرێتەوە و بخرێتە ناو خەرجییەکانی حاکیمەوە.
ئەم پێشنیازە، ناتوانێت کێشەکە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکات، چوونکە بەو شێوەیەش جیاوازیی دەکرێت لەنێوان مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و مووچەی مووچەخۆرانی عێراق، چوونکە مووچەی عێراقییەکان لەسەر خەرجییە گشتییەکانە و ئەوەش بە بەردەوامی لە هەموو ساڵەکاندا، وەکو خۆی بەبێ زیاد و کەم خەرج کراوە، بەڵام هەرگیز نەبووە، خەرجییەکانی حاکیمە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت. بۆ نموونە هەر ئەمساڵ، پارەی 12 بەشە خۆراکی مانگانە تەرخانکراوە، بەڵام تەنها 10 بەشە خۆراک بە هاوڵاتیان دراوە.
خەرجییەکانی حاکیمە، خۆی لە چەند خەرجییەکدا دەبینێتەوە لەوانە؛ دابینکردنی مادەکانی کۆبۆنی خۆراک، دابینکردنی دەرمان و پێویستییە پزیشکییەکان، کڕینی دانەوێڵە، هاوردەکردنی وزە، تێچووی ئەنجامدانی سەرژمێری، تێچووی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پارێزگاکان و چەند بابەتێکی دیکە.
پارەی تەرخانکراو بۆ خەرجییەکانی حاکیمە لە ساڵێکەوە بۆ ئەوی دی دەگۆڕدرێت، بەشێوەیەکی گشتی بەشێکی بچووکی ناو یاسای بودجەیە و کەمترین سەرنجی لەسەرە، کاتێک سەیری وێنە گەورەکەی بودجە دەکەیت، دەزانیت خەرجییەکانی حاکیمە وەکو پاشکۆی خەرجییەکانی دیکەیە و لە دابەشکردنی ژمارەکاندا ئەوەی دەمێنێتەوە دەیخەنە ناو خەرجییەکانی حاکیمەوە، نەک بەپێی پلان و دنیابینی و پێویستیی.
بۆ نموونە لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٦ زیاتر لە شەش ترلیۆن و ٥٧٥ ملیار دینار بۆ خەرجییەکانی حاکیمە تەرخانکراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧ خەرجییەکانی حاکیمە تەنها چوار ترلیۆن و ٨٨٦ ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە. واتە تەنها لە یەک ساڵدا خەرجییەکانی حاکیمە بەرێژەی ٪٢٥ کەمکراونەتەوە، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتوان زیاتر بووە و دەبوو پارەی تەرخانکراو لانیکەم بۆ کۆبۆنی خۆراک و دابینکردنی دەرمان زیاتر بوایە نەک کەمتر.
لە بودجە سێ ساڵییەکەی عێراقدا ١٠ ترلیۆن و ٤٣٨ ملیار دینار بۆ خەرجییەکانی حاکیمە تەرخانکراوە، لەو بڕەش ترلیۆنێک و ٣٢٢ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەستنیشان کراوە، هیچ لۆژیکێکی یاسایی و دارایی تێدا نییە، پارەی تەرخانکراوی مووچەی مووچەخۆران بگوازرێتەوە بۆ ئەم بەشە لە بودجە، چوونکە پارەی مووچە بە روونی لە خەرجییە گشتییەکاندا دەستنیشانکراوە و ناوی لێ نراوە (تعويض موظفين).
کورد هەرگیز نابێت بەم پێشنیازە رازی بێت، خۆ ئەگەر پێشنیازی خۆشیەتی دەبێت بە زوویی لێی پاشگەز ببێتەوە، چوونکە پارەی مووچە لەناو خەرجییەکانی حاکیمەدا هەرگیز پارێزراو نابێت، ئەوەتا چەند ساڵێک پێش ئێستا و لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦دا چەندین جار بە بیانووی ئەوەی هەرێم پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ نەکردووە، تەنانەت دەست بۆ بڕینی خەرجییە حاکیمەکانیش برا و رێگە بە ناردنی دەرمان و بەشەخۆراک بۆ هەرێم نەدەدرا، ئیتر چۆن لە دۆخێکی وادا مووچە دەنێرن؟
لێرەوە دەردەکەوێت پێشنیازە لۆژیکی و راستەکە ئەوەیە؛ داوای ئەوە لە بەغداد بکرێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەناو یاسای بودجەدا هاوشێوەی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق جێگیر بکات و بێجگە لەمە حکومەتی هەرێم هیچ پێشنیازێکی دیکە پەسەند نەکات، چوونکە هیچ رێگەیەکی دیکە نابێتە زامنی دابینکردنی پارەی مووچە.