تورکیا لە ڕێگەی درۆن و تۆپهاوێژەوە حەوت خاڵی پشکنینی ئاسایشی لە کۆبانێ و قامیشلۆ بۆردومانکرد.
بۆسێیەم رۆژی لەسەر یەک، درۆن و تۆپخانەکانی تورکیا سێ خاڵی پشکنینی ئاسایش و ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزارییان لە رۆژئاوای کوردستان بۆردومان کرد، تائێستاش زیانەکان نەزانراون.
بەپیی زانیارییەکان، تورکیا دوو خاڵی پشکنینی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستانی لە کۆبانێ و خاڵێکی پشکنینی ھێزەکانی ئاسایشی لە قامیشلۆ بۆردومانکرد.
ژمارەی ئەو خاڵە پشکنینانەی لە کۆبانی بە ئامانج گیرابوون لە ماوەی 24 کاتژمێردا بۆ 7 خاڵی پشکنین زیادی کرد، بەو پێیەی دوایین خاڵیش ئێوارەی ئەمڕۆ بوو.
بۆردومان و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامی هەیە، هاوکات ئاژانسی نۆرس پرێس ئاشکرایکرد کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تورکیا 37 شوێنی ژێرخانی و 253 شوێنی نیشتەجێبون و 41 شوێنی سەربازی بۆردومانکردووە، هەروەها 88%ی شوێنە ئامانجدارەکان ناوچەی سڤیل بوون و دوور بوون لە ناوچەی سەربازی،
هەر بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسەکە، تورکیا زیانی زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری لە کەرتی وزە و ژێرخانی ئابوری لە ڕۆژئاوای کوردستان داوە.