نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم بەڵێنی داوە دوای ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا و هەمواری یاسای بودجە مامۆستایانی وانەبێژ دابمەزرێنێت و پلەبەرزكردنەوە دەستپێبكاتەوە.
كارۆخ عەبدوڵا گوڵاوی، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، “سازش ناكەین لەسەر داواكاریەكانمان و داواكاریەكانمان ڕوون و ئاشكران، پێویست بوو حكومەتی هەرێم هەر لەیەكەم ڕۆژی بایكۆت لەئاستی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەت هاتبانە سەرخەت نەوەكو دوای وەرزێكی بایكۆت.
دەشڵێت: “ئێستاش كات ماوە ساڵێكی خوێندن نەفۆتێت، ئەگەر حكومەتی هەرێم خەمی پڕۆسەی خوێندنی بێت و داواكاریەكانمان جێبەجێ بكات”.
ئاشكراشی كرد، حكومەتی هەرێم بەڵێنی داوە دوای پەسەندكردنی بودجە داواكاری مامۆستایان جێبەجێ بكات، كەبریتیە لەدامەزراندنی وانەبێژان و پلە بەرزكردنەوە و داواكارییەكانی دیكەش.
جەختیشی كردەوە، داواكاری ئێمە ئەوەیە پێش دەستپێكردنەوەی وەرزی دووەم لەكۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار بدرێت بەنووسراو لەسەر دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و داواكاری مامۆستایان، كە خۆی لە چەند خاڵێكدا دەبینێتەوە.
ڕوونیشی كردەوە، لەپێناوی چارەنووسی مامۆستایان و ساڵێكی خوێندنی خوێندكارانی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان و كۆیە بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی حكومەت و وەزیری پەروەردە و وەزارەت لەپەیوەندیداین و خۆیان هاتوونەتە سەرخەت و دوای پەیوەندیمان لەگەڵ وەزارەت و حكومەتی هەرێم ئامادەیی نیشانداوە لە جێبەجێكردنی داواكارییەكان.
وتيشی، “حكومەت بیری كردۆتەوە ئەگەر ئەم ساڵ خوێندن نەكرێتەوە هەڵاوسان ڕوودەدات بەتایبەت پۆلی یەك-ی بنەڕەتی، كە دەبنە دوو ئەوەندە لە هیچ ناوەندێك جێگایان نابێتەوە”.