یەکێک لە لایەنە گرنگەکانی کارکردن پاراستنی گیانی کرێکاران و بایەخدانە بەسەلامەتی ژینگەی کار، شاباز مەحمود وتەبێژی ڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لەبارەی ڕەوشی کرێکاران و ژینگەی کاری کڕیکاران لەماوەی ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاند، ٧٣ کرێکار لە هەرێمی کوردستان لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە و لەو ژمارەیەش ١٨ کەسیان کرێکاری بیانی بوون و بەهۆی کەوتنە کەوتنەخوارەوە لەشوێنی بەرزەوە گیانیان لەدەستداوە.
شاباز مەحمود ئاماژەی بەوەشکردووە، “لەدەستپێکی ساڵی ٢٠٢٣ هەتا ئێستا ٧٣ کرێکار لە شوێنی کارکردن گیانیانلەدەستداوە، ئەوەش لەکاتێکدایە ساڵی ڕابردوو ٥٩ حاڵەتی گیانلەدەستدانی کرێکاران لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستدابوو”.
باسی لەوەشکردووە، “زۆرترین حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانی کرێکاران لەکاتی کاردکردندا بەهۆی کەوتنەخوارەوەیان بووە لەشوێنەبەرزەکان کە ٢٤ گیانلەدەستدان بەو هۆیەوە بووە و ١١ کرێکاریش بەهۆی تەزووی کارەباوە گیاناین لەدەستداوە.”
وتەبێژی ڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازی دەلێت، لەو ٧٣ کرێکارەی گیانیان لەدەستداوە، ٥٢ کەسیان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بوون و ٢١ کەسیشیان لە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان بوون و تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ٧٠ ساڵدابووە و ١٨ کرێکاری بیانیش گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئاماری رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی ئەو کرێکارانەی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان گیانیانلەدەستداوە بەمشێوەیە بووە:
– هەولێر: ٢٢ کرێکار
– سلێمانی: ١٩ کرێکار
– دهۆک: ٦ کرێکار
– هەڵەبجە: ٥ کرێکار
هۆکارەکانی گیانلەدەستدانیش بەپێی زۆرترین قوربانییەکانی بەمشێوەیە بووە:
١- کەوتنەخوارەوە
٢- کارەبا گرتن
٣- کەوتنە ژێر ئامێرەکانی کارکردن
٤- سووتان
٥- خنکان
٦- تەقینەوەی ئامێر و ئامرازەکان