فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە هێرشەکانی تورکیا ڕابگرن و هۆشداریشی دا لە خراپتربوونی دۆخەکە و ڕوودانی جەنگێکی گەورە.
تورکیا دوینێ بۆردومانەکانی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دهستپێكردهوه، بە هێرشی ئاسمانی و تۆپباران، ژێرخان و دامەزراوە گرنگەکانی کردە ئامانج، بۆردوومانەکەی زیاتر لە ١٠ قوربانی و زیانی ماددی بەرچاوی لێكهوتهوه.
مەزڵوم عەبدی لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی “ئێکس” ڕایگهیاندووه، دەستدرێژی تورکیا ئەمڕۆ گۆڕانێكی مەترسیداری بەخۆیەوە بینیوە، بە فراوانکردنی بۆردومانی ژێرخان و دامەزراوە مەدەنییەکان لە ڕۆژئاوای كوردستان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پێشهاتە زیانێکی گەورە بە هاوڵاتیانی مەدەنی دەگەیەنێت و ئاماژەیە بۆ گرتنەبەری سیاسەتێکی نوێی لهناوبردن.
تورکیا بۆردومانکردنی ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستانی فراوانتر کرد و لە دوای نیوەڕۆی ڕۆژی شەممەوە نزیکەی ٢٠ شوێنی کردووهته ئامانج.
مەزڵوم عەبدی پێی وایه بۆردومانهكان سەقامگیری ناوچهكه تێکدەدات و مەترسییەکانی سنوور بەزاندن زیاد دەکات، داواش لە تورکیا دهكات سەرنجی لەسەر پرسە ناوخۆییەکانی خۆی بێت و لە سنوورەکانی خۆیدا چارەسەریان بکات.
هاوکات بەرپرسانی تورکیا دەڵێن ئەو هێرشانهی ئێستا تورکیا دەیکاتە سەر رۆژئاوای كوردستان وەڵامێکە بۆ کوژرانی ١٢ سەربازی تورکیا لە باکووری عێراق.