باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق بڵاویکردەوە، پشتیوانی عێراق دەکەین و بەردەوام دەبین لە ناردنی دۆلار بۆ ئەو وڵاتە.
ئالینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی: وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا بەردەوامە لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق، و بەهۆی پابەندییەکانی بانکە عێراقییەکان بۆ یەکەمجار ژمارەیەک بانکی عێراقی پەیوەندییان لەگەڵ ژمارەیەک بانکی نێودەوڵەتی دروستکردوە و ئەوەش سەقامگیری و پابەندی بانکەکان نیشان دەدات.
دەشڵێت: ئەمە هەنگاوێکی ئیجابییە لە بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی لە عێراق، و ئەمەریکاش بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی دۆلار بۆ عێراق لەپێناو خزمەتی سەقامگیری ئابوریی لەو وڵاتە.
بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا لە ماوەکانی ڕابردوودا پشتیوانی ناردنی دۆلاری بۆ عێراق دەربڕی، هاوکات بەو بڕیارەش هەڵئاوسانی نرخی دۆلار لە عێراق کەمیکر،د و چاوەڕوانیش دەکرێت ئەم پاڵپشتییە نوێیە زیاتر ببێتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار لە عێراق.