سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، بە ئەگەری زۆرەوە تا ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە 400 ملیار دینارەكە لە بەغداوە دەخرێتە سەر ژمارە حسابی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم و دەشڵێت: “دەبێت بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی 12ی فەرمانبەران خەرج بكرێت”.
زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاندووە، ناردنی 400 ملیار دینارەكە لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان لە تەواوكردنی چەند ڕێوشوێنێكی كارگێری و ئیداریدایە و دوای تەواوكردنی ئەو ڕێكارانەش ئەو پارەیە دەگاتە هەرێمی كوردستان.
ڕوونیشی كردۆتەوە، پێدەچێت ڕۆژی دوو شەممە یان سێ شەممەی ئەم هەفتەیە ئەو 400 ملیارە بخرێتە سەر ژمارە حسابی وەزارەتی دارایی هەرێم.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو 400 ملیار دینارە، كە بڕیارە بگاتە هەرێمی كوردستان لە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران خەرج دەكرێت بەتایبەت بۆ تەواوكاری مووچەی مانگی 12ی ئەمساڵ، كە تا ئێستا دابەشنەكراوە، بۆیە لەگەڵ گەیشتنی ئەو پارەیە دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 12 دەكرێت و ئێمەش جەختدەكەینەوە كە دەبێت لەكاتی خۆیدا مووچەی ئەو مانگەی پێ بدرێت.
بە گوێرەی زانیارییەكان، بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی 12، وەزارەتی دارایی لە ڕێگەی گەنجینەكانەوە داوای لە وەزارەتەكان كردووە لیستی مووچەی مانگی 12 ئامادە بكەن بەمەبەستی وردبینی كردنی.