سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکەی یەکێتی ئامادەیی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی پاێزگاری کەرکووك دەربڕی و دەشڵێت: بەردەوامیدان بە کێشەکانی رابردوو لەگەڵ پارتی هیچ ئەنجامێکی نابێت.
ڕێبوار تەها، سەرۆکی هاوپەیمانیی کەرکووک هێزو ئیرادەمانە کە لە یەکێتی و چەند حزبێکی دیکە پێکهاتوون ڕایگەیاند، “ئامادەم پۆستی پارێزگار وەربگرم ئەگەر سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی پێیان باشبێت”.
ڕێبوار تەها کە یەکێکە لە کاندیدە براوەکانی هەڵبژاردنەکە لە میانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی ڕووداو وتیششی: “یەکێتی پرۆژەی ئامادەی بۆ ئیدارەدانی کەرکووک هەیە کە سەرنجی زۆری خستووەتە سەر بەهێزکردنی ئابووری شارەکە.”
باسی لە خراپیی دەرەنجامی ململانێی حزبەکەی و پارتی دیموکراتی کوردستان کرد لەسەر پرسی کەرکووك و ڕایگەیاند، ململانێی لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە زیانی کورد شکاوەتەوە و ئێستا 75٪ی خەڵکی کەرکووک پێیانوایە پارتی و یەکێتی ناتوانن پێکەوە کاربکەن.
وتیشی، پارتی و یەکێتی پێویستە لە ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک هاوئاهەنگی بۆ داهاتوو بکەن، چونکە بەردەوامیدان بە کێشەکانی رابردوو هیچ ئەنجامێکی نابێت.
بە هۆی ململانێی پارتی و یەکێتی، کورد نەیتوانی بەیەك لیستی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك دروست بکات و بەو هۆیەوە زیاتر لە 40 هەزار دەنگ بە هەدەر درا.