سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ڕایگەیاند پڕۆژەی دروستکردنی بەرزەپردی حەپسەخانی نەقیب خرایە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیارە لە ماوەی ساڵێکدا تەواو بکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بڵاویکردەوە، لە درێژەی پلان و بەرنامەی چارەسەرکردن و کەمکردنەوەی کێشەی هاتووچۆ و قەرەباڵغی، سەرۆکایەتیمان پڕۆژەی (بەرزەپردی حەپسەخانی نەقیب)ی ڕاگەیاند.
ڕوونیشیکردەوە کە پڕۆژەکە بە گوژمەی پێنج ملیار و 728 ملیۆن و 428 هەزار و 609 دینار جێبەجێ دەکرێت و بڕیارە لە ماوەی 365 ڕۆژدا تەواو بێت.
بەرزەپردی حەپسەخانی نەقیب بەشی ناوەوەی شەقامی مەلیک مەحمود و گەڕەکی ڕزگاری بە ناوچەی پیشەسازییەوە دەبەستێتەوە و بە جێبەجێکردنیشی یوتێرنی ناوچەی پیشەسازی سەر شەقامی مەلیک مەحمود دادەخرێت.
شارەوانی سلێمانی ڕاشیگەیاند، دروستکردنی پردەکە دەبێتە هۆی نەهێشتنی کێشەی هاتووچۆ و ئەو قەرەباڵغییەی کە لەو ناوچەیەدا هەیە.