ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە و هەردوو دۆسیەی هەمواری یاسای بودجە و نەوت و گاز تاوتوێ کران.
ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەەکات، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاسای هەموارکردنی یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵ تاکوو ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێت بۆ پەسەندکردنی ، هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی ڕاپەڕاندووە و هەردوو دیوانی چاودێریی داراییش ئەرکی وردبینی و پێداچوونەوەی خۆیان تەواوکردووە،
ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدڕاڵە لە ساڵی نوێی 2024 ئەم کێشەیە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکات و شایستەی دارایی مووچەخۆران تێکەڵی ناکۆکیە سیاسیی و پابەندییەکانی دیکە نەکات، و هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەكانيان لە کاتی خۆی وەربگرن .
ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم، مووچەی سێ مانگی ئەمساڵ خەرج نەکراوە و بارگرانیی دارایی و ئابووری بۆ مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێم دروست کردووە کە بەرپرسیارێتی حکومەتی فیدڕاڵە، مووچەی مووچەخۆران بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
حکومەتی هەرێم دەشڵێت، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ڕاسپێردراوە لە هەوڵەکانیان لەگەڵ نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا، بەردەوام بن بۆ پابەندکردنی حکومەتی فیدڕاڵ بە دابینکردنی مووچە و ئیمتیازاتی زیندانیان و گیراوانی سیاسی، لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵ بەپێی ماددەی 132ی دەستووری عێراق، کە ئەم بەرپرسیارێتیە لە ئەستۆی حکومەتی فیدڕاڵە.