دەستەی دەستپاکی عێراق ژمارەیەک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەرپرسانی باڵا ڕاگەیاند، کە وەزیر و پارێزگار دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ سێ شەممە دەستەی دەستپاکی عێراق بڵاویکردەوە، مانگی ڕابردوو ٣٨ فەرمانی دەستگیر کردن و لێکۆڵینەوە بۆ بەرپرسە باڵاکان دەرچووە و دۆسیەکانیان ڕەوانەی دادگا کراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە ، لەناو فەرمانەکاندا ٣٤ یان ئاڕاستەی بەرپرسانی باڵا کراون کە دوو وەزیری پێشوو، سێ پارێزگار، ١٠ بەڕێوەبەری گشتی ئێستا و ١٦ بەرپرسی پێشوو، ھەروەھا ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەن و ژمارەیەک بەرپرسی پێشووی تر بوونیان ھەیە.
دەستەی دەستپاکی عێراق لە ماوەکانی ڕابردوودا چەندین فەرمانی دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی بۆ ژمارەیەک بەرپرس و پلەباڵا و تەنانەت وەزیر دەرکرد، هەندێکیان بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی دزی سەدە و هەندێکیان بە زیادکردنی نایاسایی داهات و بەشێکیشیان بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل، دۆسێیان بۆ کرایەوە و رەوانەی دادگا کران.