ئەمڕۆ سێشەممە لە پارێزگای هەڵەبجە خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی و مامۆستایانی وانەبێژ جارێکی دیکە دەستی پێکردەوە و داوای جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان لە وەزارەتی پەروەردەو حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن.
مامۆستایانی هەڵەبجە جەخت لەجێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەکەنەوە کە سەرەکیترینیان بریتین لە داوای چارەسەری یەکجاری کێشەی مووچە و پلە بەرزکردنەوە و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژن.
خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی مامۆستایانی ناڕازی لە پارێزگای هەڵەبجە لەکاتێکدایە، پێشتریش چەندینجار شانبەشانی شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لەو ڕۆژانەی وەک وادەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی سەرتاسەری دیاریکرابوون ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داواکارییەکانیان ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار و حکومەت و وەزارەتی پەروەردە بکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بەهۆی پێنەدانی مووچە و شایستە داراییەکانیان و بایکۆتی مامۆستایان پرۆسەی خوێندن لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین پەکی کەوتووە و نیوەی وەرزی خوێندن تەواو بووە و مامۆستایانیش جەخت لەوەدەکەنەوە تا داواکارییەکانیان جێبەچی نەکرێن بایکۆت ناشکێنن و بەردەوام دەبن.