کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە کەرکووك ڕایدەگەیەنێت نزیکەی 526 هەزار کەس بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکەدا کردووە و ئەوانەش کە کێشەی پەنجەمۆریان هەبووە، لە چەند سەد کەسێك تێناپەڕێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، عەبدولباست دەروێش، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە کەرکووك ڕایگەیاند، لە کۆی 813 هەزار دەنگدەر کە کارتی بایۆمەترییان هەبووە، 525 هەزار و 971یان بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکەدا کردووە.
ئاماژەشیدا بەوەی زۆرترین ڕێژەی بەشداریکردن لەسەر ئاستی عێراقدا لە کەرکووك تۆمارکراوە کە 64.65٪ بووە.
سەبارەت بە گرفتی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران لە ڕێی ئامێرەکانەوە، وتەبێژی کۆمسیۆن لە کەرکووك جەختیکردەوە کە ژمارەی ئەو کەسانە لە چەند سەد کەسێك تێپەڕی نەکردووە و کاریگەریی ئەوتۆشی لەسەر ڕێژەی بەشداربووان نەبووە.
عەبدولباست دەروێش راشیگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجامی بەرایی فەرمی بڵاودەکرێتەوە و ئەو ئەنجامانەش کە لایەنە سیاسییەکان ڕایاندەگەیەنن فەرمی نین و کۆمسیۆن ناتوانێت پشتڕاستیان بکاتەوە.