ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی بانگهێشتی پەرلەمان دەكەن.
رائید مالیكی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت “لەسەر پرسی گرانبوونی بەهای دۆلار بانگهێشتی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیران و بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی دەكەن”.
ڕوونیشیكردەوە، حكومەت هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار و تائێستا دوو پێشێلكاری دیاریكراون، لەوانە شكستی سیاسەتی دارایی و نرخی ئاڵوگۆڕكردنی دراوە و بە مانای شكست و بێ توانایی حكومەت لە كۆنتڕۆڵی پرسی نرخی ئاڵوگۆڕ و سیاسەتی دارایی و دراوی نیشان دەدات.
دەشڵێت “پەرلەمان لەم ماوەیەدا چاودێری كارەكانی حكومەت دەكات، تا كۆتایی پشووی یاسادانان چاوەڕێی ئەنجامی ئەو رێوشوێنانە دەكەن، داوای لێپرسینەوە لە سەرۆك وەزیران و پارێزگاری بانكی ناوەندی دەكەن، بۆ ئەوەی نرخی دراو بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی”.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی 100 دۆلار لە بازاڕەكانی دراوی عێراق گەیشتە نزیكەی 153 هەزار دینار.