وەزیرێكی كورد لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت، پێویستمان بە ئەنجوومەنێکی پارێزگای کارا دەبێت تا ئەم تەعریبەی 6 ساڵە لە کەرکوک بەردەوامە نەهێڵدرێت.
د. خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لە پشكی یەكێتی لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی حزبەكەی ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی پارێزگاكان بۆ هاووڵاتیان لە پارێزگاكان لە پەرلەمانی عێراق و وەزارەتە فیدڕاڵییەكان گرنگترە، چونكە ئەو ئەنجوومەنانە ڕاستەوخۆ نوێنەرایەتی خەڵكی شارەكان دەكەن و ئەركەكانیان زیاتر ئەركی ئیداری و خزمەتگوزارییە.
ڕاشیگەیاند، كەركوك لە چەند ساڵی ڕابردوودا بێبەش بووە لە خزمەتگوزاری و لە 6 ساڵی ڕابردوودا سیاسەتی تەعریبی تێدا ئەنجام دراوە و كوردی تێدا پەراوێز خراوە و گەڕەكە كوردییەكان فەرامۆش كراون بە بەرنامە لەلایەن ئەو گرووپەی دەسەڵاتیان هەبووە لە شارەكەدا.
ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستمان بە ئەنجوومەنێکی پارێزگای کارا دەبێت بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری پێشكەش بە هاووڵاتیان بكات، چونكە دەسەڵاتی ئیداری لای پارێزگار دەبێت و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان لای ئەنجوومەنی پارێزگا دەبێت و پێكهێنانی یەكەی ئیداری نوێ لای ئەوان دەبێت و دامەزراندن و هەلی كار هەمووی لای ئەنجوومەنی پارێزگا دەبێت.
خالید شوانی وتیشی، “لە دەرئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە ئەنجوومەن و پارێزگارێكی نوێ هەڵدەبژێردرێن، كە پێویستە كورد قورسایی و سەنگی خۆی تێدا هەبێت و ئەو پۆستانە لای كورد بێت تاوەكو نمونەیەكی جوانی حوكمڕانی پێشكەش بە كەركوك بكەین لەسەر بنەماكانی پێكەوەژیان، نەك ئەو حوكمڕانیەی ئێستا لەسەر بنەمای شۆڤێنیەت و جیاكاری دەكرێت