حاکم قادر ڕایگەیاند، پێویستە حکومەتی هەرێم بەپەلە دەرچەیەک بۆ چارەسەری کێشەی مووچە بدۆزێتەوە، تا یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە و بۆ ئەو پرسەش پێویستە لایەنە کوردستانییەکان کۆببنەوە.
حاکم قادر حەمەجان، سەردانی سەندیکای هونەرییە کشتوکاڵیەکانی کرد و لە بارەی کەرتی کشتوکاڵەوە ڕایگەیاند، وڵاتانی ئابوری بەهێز، ئەو وڵاتانەن هەمیشە گرنگی بە فرەچەشنکردنی سەرچاوە ئابورییەکانیان دەدەن و خاکی کوردستانیش زۆر شیاوە بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و ئەرکی حکومەتە پێداویستیە مۆدێرنەکانی بوارەکە دابین بکات و بازاڕی گونجاو بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکان بدۆزێتەوە، بە جۆرێک کە هاندەربێت سەرمایەگوزاری لە کەرتی کشتوکاڵدا بەرفراوان بێت.
حاکم قادر تیشکی خستە سەر هەڵبژاردنەکان و ڕایگەیاند، دەبێت هەوڵبدرێت لە خێراترین کاتدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و شارەوانی و سەندیکاکان ئەنجام بدرێت، چونکە وادەکات گیانێکی نوێ بکات بە بەری ژیانی دیموکراسی و دەشبێتە هۆی ئەوەی لە دواجاردا خزمەتی زیاتری هاوڵاتیان بکرێت، هەروەها ناکرێت هەڵبژارنی پەرلەمانی کوردستانیش لەو وادەیەی بڕیاری لێدراوە زیاتر دوابخرێت.
ھەروەھا ئاماژەی بەوەشکرد، تا دێت دۆخی دارایی هاووڵاتیانی هەرێم خراپتر دەبێت، چونکە نەبوونی مووچە کاریگەری نەک لەسەر مووچەخۆران بەڵکو لەسەر تەواوی بازاڕ و کاسپکارانیش دروستکردوە، بۆیە دەبێت حکومەت پەلە بکات بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەسەر، بۆئەوەی تا کاتی هەمواری یاسایی بودجەی عێراق دەکرێت، مانگانە مووچە دابین بکرێت.
ڕاشیگەیاند، بۆ پرسی یاسایی هەمواری بودجەش دەبێت لایەنە کوردستانییەکان، ناکۆکیەکانیان وەلابنێن و کۆببنەوە و پێکەوە پڕۆژەیەک ئامادە بکەن، تا لە بەغدا بتوانن بودجەی شایستە بە هەرێم بەدەستبهێنن.