كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەپێی ڕاپۆرتی ئاستی دەنگدان لە نیوەڕۆدا زۆرترین ڕێژەی دەنگدان لە پارێزگای واست بووە و دەشڵێت: “لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لە سلێمانی بووە”.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ڕێژەی دەنگدانی تایبەت بەپێی ڕاپۆرتی نیوەڕۆ لە بەغدا (كەرخ 36% و ڕوسافە 27%) بووە و لە میسان 29% و لە نەجەف 38% و كەربەلا 41% و موسەننا 49% و زیقار 46% و واست 55% بووە.
سەبارەت بە شارەكانی باشووری كوردستان ڕوونی كردۆتەوە، لە سلێمانی 53% و دهۆك 37% و كەركوك 39% بووە.
ئاماژەی بەوەكردووە، لە بەیانی ئەمڕۆوە دەنگدانی تایبەت دەستی پێكردووە بۆ هێزە سەربازی و ئەمنییەكان و ئاوارەكان، كە ژمارەی هێزە ئەمنییەكان ملیۆنێك و 2 هەزار و 393 كەن و دابەش بوون بەسەر 565 ناوەندی دەنگدان و هەروەها 2 هەزار و 367 وێستگەی دەنگدان.
ئاشكراشی كردووە، ژمارەی ئاوارەكان، كە دەنگ دەدەن 48 هەزار و 260 كەسن و دابەش بوون بەسەر 35 ناوەندی دەنگدان و هەروەها 120 وێستگەی دەنگدان.
بەیانی ئەمڕۆ لە كاتژمێر 7ی بەیانی پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بە ناوچە كوردستانییەكانیشەوە دەستی پێكرد و لە كاتژمێر 6ی ئێوارە سندوقەكانی دەنگدان دادەخرێن، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردن ڕاناگەیەنرێت، بەڵكو دوو سبەی 18ی مانگ لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدانی گشتی ئەنجامەكان ڕادەگەیەنرێن.