ئەندامێكی كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤی سەر بە پارتی دیموكراتی گەلان ڕایدەگەیەنێت، لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە نزیكەی 150 كۆچبەری كورد دەستگیركران، كە لە ھەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتەوە روویان لەو وڵاتە كردووە.
توركان ئەسڵان ئاغاچ، ئەندامی كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤی سەر بە پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)لەلێدوانێكیدا ڕایگەیاندووە، ١٤٤ كۆچبەر كە خەڵكی ھەرێمی كوردستان و رۆژھەڵاتی كوردستانن لە شارۆچكەی مارماریسی سەر بە موغڵا دەستگیركراون و لە ناوەندێكی ناردنەوەی كۆچبەران ھێڵدراونەتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، لەو ژمارە كۆچبەرە ٦٠ كەسیان پیاون و ٤١ كەسیان ژن و ٤٣ كەسیشیان منداڵن و بەشێكیش لە منداڵەكان باری تەندروستیان تێكچووە.
ئاشكراشیكردووە، پارتی دیموكراتی گەلان چاودێری رەوشی كۆچبەرەكان دەكەن، بەڵام بەھۆی ئەوەی كۆتایی ھەفتەیە لە توركیا لە ئێستادا ناتوانن كۆچبەرەكان ببینن.