حكومەتی عێراق ڕێككەوتنێكی لەگەڵ حكومەتی هەرێم ڕاگەیاند



وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕێوشوێنی توندی ڕاگەیاند بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی سنوورەکان و ڕێگریکردن لە هاتنە ژوورەوەی کەلوپەلی قاچاخ، دەشڵێت: “هەماهەنگییەکی بەرز و پتەو هەیە لەگەڵ هەرێم بۆ یەکخستنی ڕێکارەکان بۆ سەرجەم دەروازەكان”.

عەبدولزەهرا هنداوی، وتەبێژی وەزارەتەكە بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی (العراقیە)ی ڕاگەیاند، “ڕێکخراوی ناوەندی بۆ ستانداردکردن و کۆنتڕۆڵی جۆری، لە ڕێگەی گرێبەستەکانی لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای نێودەوڵەتی، بەردەوامە لە پشکنینی کەلوپەلی هاوردەکراو لە وڵاتی بەرهەمهێنەوە”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم کۆمپانیایانە “بڕوانامەی پشکنین” دەدەن بە کاڵای هاوردەکراو لەلایەن کەرتی تایبەتی عێراقەوە.

هنداوی دەشڵێت: “لە هەندێک دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان کێشە هەیە، جگە لە ئۆپەراسیۆنی قاچاخ و لادان لە ڕێگەی دەروازە نافەرمییەکان”، جەختیشی لەوە کردەوە، وەزارەتی ناوخۆ بەردەوام هەموو ڕێکارێک دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی بە تەواوی سنوورەکان کۆنترۆڵ بکەن و ڕێگە نەدەن بە هاتنە ژوورەوەی هەر کاڵایەکی قاچاخ یان نایاسایی.

جەختیشی کردەوە، هەماهەنگی لە ئاستی باڵا لە نێوان بەغدا و هەولێر هەیە، بۆ یەکخستنی ڕێکارەکانی دەروازە سنوورییەکان، جگە لە یەکخستنی سیاسەتەکانی گومرگی.

ئاشکرای کرد، کۆبوونەوەیەکی ئاست بەرز ئەنجامدرا، بە سەرۆکایەتی محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پلاندانان و ژمارەیەک وەزیر لە حکومەتی فیدڕاڵی، کە بریتی بوون لە وەزیری ناوخۆ، وەزیری نیشتەجێکردن و شارەوانی، وەزیری داد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، جگە لە ئەمینداری گشتی ئەنجوومەن، هەروەها بەڕێوەبەری گشتی بەشی یاسایی لە ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران و لە لایەنی هەرێمەوە، وەزیرانی ناوخۆ و دارایی و ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون.

ڕاشیگەیاندووە، “لە میانی کۆبوونەوەکەدا باس لە ئەگەری پەرەپێدانی میکانیزم و سیاسەتی یەکگرتوو کرا، جگە لە یەکخستنی ڕێکارەکان بۆ دەروازە سنوورییەکان، هەروەها پڕۆسەی پشکنین بۆ ئەو کاڵا هاوردەکراوانەی، کە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە دێنە ناوەوەی وڵات”.

موقتەدا سەدر پەیامێکی نوێ ڕادەگەیەنێت
پێت موقتەدا سەدر پەیامێکی نوێ ڕادەگەیەنێت
حكومەتی هەرێم پشووی سەری ساڵی دیاریكرد
دوات حكومەتی هەرێم پشووی سەری ساڵی دیاریكرد
پەیوەنیدر