فازڵ ئەبو ڕەغیف پسپۆری ئەمنی عیراقی پێیوایە، ئەوەی لە ئەردەن ڕوودەدات زۆر هەستیارە، چونكە هەر داڕمانێكی ئەمنی لە وڵاتەكە ڕووبدات كاریگەریی نەرێنی لەسەر ناوچەكە دەبێت، هۆشداریشیدا لەوەی ڕادیكاڵەكان “ئیخوان موسلمین” سواری شەپۆلەكە ببن لە ئەردەن.
ئەمڕۆ شەممە، ئەبو ڕەغیف لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”ئەردەن بۆ زیاتر لە دە ساڵە بارێكی ئەمنی نالەبار بەخۆوەدەبینێت، بەهۆی بوونی دوو چینەوە كە خۆيان لە زۆر دەوڵەمەند و ئەوی تر زۆر هەژاردا دەبیننەوە، بەبێ ئەوەی چینی مامناوەند هەبێت، بۆیە بارێكی جیاكاریی و ڕقلێبوونەوەیەكی زۆر لە ڕژێم لە ئەردەن دروستبووە”.
بە وتەی ئەو پسپۆڕە ئەمنییە:”ئەوەی لە ئەردەن ڕوودەدات، زۆر هەستیارە، چونكە هەر داڕمانێكی ئەمنی كاریگەریی نەرێنی لەسەر ناوچەكە دەبێت، بەو پێیەی ئەردەن خاڵی سەر هێڵی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە”.
ئەبو ڕەغیف هۆشداریی دەدات لەوەی “ڕادیكالەكانی كە خۆیان لە ئیخوان موسلیمیندا دەبیننەوە، سوار شەپۆلەكە ببن”.
بۆ چەند ڕۆژێكە ئەردەن خۆپیشاندانی میللی ناڕەزایی بەخۆوە دەبینێت، بەرامبەر بە خراپی گوزەران و بەرزبوونەوەی نرخەكان، تەنگژەكەش لە پاش كوژرانی ئەفسەرێك لە خۆپیشاندانەكاندا هێندەی تر ڕەوشەكەی ئاڵۆزكرد.