دیپلۆماتێكی باڵای ڕووس لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی لە جنێڤ، جەخت لەسەر بەكارنەهێنانی چەكی بایۆلۆجی دەكاتەوە لەلایەن وڵاتەكەی.
كۆنستانتین ڤۆرۆنتسۆڤ، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوە خۆپڕچەككردن لە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، لەبارەی بەكارهێنانی ئەو جۆرە چەكەوە بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند:”بە هیچ شێوەیە ئەو هەواڵانە ڕاست نیین كە باس لە بەكارهێنانی چەكی بایۆلۆجی دەكەن لەلایەن ڕووسیاوە”.
بە وتەی ئەو بەرپرسە ڕووسە:”وڵاتەكەی بە تەواوەتی پابەندە بە بەڵێننامە نێودەوڵەتییەكان كە بەكارهێنانی ئەو جۆرە چەكە قەدەغە دەكەن”.
كۆنستانتین ڤۆرۆنتسۆڤ دەڵێت:”لە بواری سەربازیدا بەرنامەیەكمان نییە پەیوەندی بە چەكی بایلۆجییەوە هەبێت، هەموو چالاكییەكانمان لە بواری بایۆلۆجی بۆ مەبەستی ئاشتییە”.
لێدوانەكانی ڤۆرۆنتسۆڤ لە پەڕاوێزی پێداچوونەوە بوو بە بەڵێننامەی قەدەغەكردنی چەكی بایۆلۆجی كە هەموو 5 ساڵ جارێك ئەنجام دەدرێت و دوێنێ هەینی لە پاش 3 هەفتە لە كاركردن كۆتایی هات.
بەڵێننامەكە پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و عەمباركردنی ئەو جۆرە چەكە كۆكوژە قەدەغە دەكات، بەڵام نەبوونی میكانیزمی لێكۆڵینەوە، بۆ ماوەی بیست ساڵە بۆتە خاڵێكی لاوازی گەورە و خاڵی ناكۆكی لەو ڕووەوە.
كۆنستانتین ڤۆرۆنتسۆڤ، ئاماژەی بە تۆمەتەكانی ڕووسیاش كرد دژ بە ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئۆكراینا.
لەو دەمەی ڕووسیا پەلاماری ئۆكراینای دراوسێی داوە، واشنتن بە تێوەگلان بە پەرەپێدانی چەكی بایۆلۆجی لە تاقیگەكانی ئۆكراینا تۆمەتبار دەكات.
لە تشرینی یەكەمی ڕابردوو، مۆسكۆ داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش كرد، لێكۆڵینەوە لەو تۆمەتانەدا بكرێت كە واشنتن و كێیڤ ڕەتیدەكەنەوە، بەڵام داواكارییەكەی وەڵام نەدرایەوە.
تۆمەتەكان لەسەر مێزی وتوێژەكان لە كۆنگرەی پێداچوونەوە لە جێنیڤ دووبارەبوونەوە، لەو بارەیەوە گینادی گاتیلۆڤ باڵیۆزی ڕووسیا بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، مۆسكۆ بەنیاز نییە دەستبەرداریی ئەو بابەتە ببێت.
گاتیلۆڤ دەڵێت:”ئەو كارە بە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەمان دادەنێین، واشنتنيشی تۆمەتباركرد بە تێوەگلانی سەربازی لە دامەزراندنی تاقیگەی نهێنی “نەك تەنیا لە ئۆكراینا، بەڵكو لە زۆر وڵاتی تر بەدرێژایی سنوورەكانی ڕووسیای فیدراڵ”.
لەبارەی ئەو بەڵگانەی لەوبارەیەوە لەبەردەستی ڕووسیادان، گاتیلۆڤ ڕایگەیاند:”دەستمان بەسەر هەزاران بەڵگەنامەدا گرتووە كە بوونی چالاكییەكی سەربازی نهێنی لە تاقیگەكانی ئۆكراینادا دەسەلمێنن”.
ئەو باڵیۆزەی ڕووسیا دەڵێت:”ئێمە هەر تەنیا قسەی لەبارەوە ناكەین. ئێمە بەڵگەی حاشاهەڵنەگرمان لایە”، نیگەرانی خۆشی دەربڕەی كە تائێستا لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئۆكرایناوە پرسیارەكانیان وەڵام نەدراوەتەوە.