لە سەرەتای ئەم مانگەوە دابەشکردنی نەوت لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەرین و گەرمیان ڕاگیرا، هاوکات ئەمڕۆ لە هەڵەبجە دەست بە دابەشکردنی دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دابەشکردنی نەوت لە سنووری هەڵەبجە دەستپێدەکاتەوە، لە کاتێکدا لە سەرەتای ئەم مانگەوە، دابەشکردنی نەوت لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەرین و گەرمیان ڕاگیرا.
ڕاگرتنی نەوت بەهۆی ئەوەوە بوو کە هاووڵاتییان ئامادە نەبوون بەرمیلێک نەوت بە ١٠٣ هەزار دینار وەربگرن و چاوەڕوانی نەوتی حکومەتی عێراق بوون کە دەبوو ١ ئەم مانگە بگات و هەر بەرمیلێک بە ٥٠ هەزار دینار بێت.
لە ڕۆژی ٥ کانوونی یەکەمەوە دابەشکردنی نەوت لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ئیدارەکانی ڕاپەرین و گەرمیان دەستیپێکردەوە و ئێستا تەنیا لە هەڵەبجە دابەشکردن ڕاگیراوە.
ژیار ئەکرەم، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەڵەبجە ڕایگەیاند،”خواست لەسەر نەوت نییە بۆیە دابەشکردن راگیرا، ئەم هەفتەیە ئەگەر خواستی لەسەر بوو، ئەوا دەست بە دابەشکردنی دەکەین, تا ئێستا لە پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە پێنج ملیۆن لیتر نەوت بەسەر ٢٥ هەزار خێزان دابەشکراوە”.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، کە یەکشەممەی ڕابردوو بڵاویکردەوە، لە پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ٥٩ ملیۆن و ٩١٤ هەزار و ٣٤٠ لیتر نەوت دابەشکراوە.
لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ٣٢ ملیۆن و ٢٨٧ هەزار لیتر نەوت دابەشکراوە، هاوکات لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕینیش ٥٨ ملیۆن ٩٥٥ هەزار و ٤٠٠ لیتر نەوت دابەشکراوە، کە کۆی گشتی دەکاتە ١٥١ ملیۆن و ١٥٦ هەزار و ٧٤٠ لیتر.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، تاوەکو ئێستا ٧٥٥ هەزار و ٧٨٤ خێزان نەوتیان وەرگرتووە، هەروەها ٥٣٢ هەزار و ١٦٢ خێزان ماون نەوت وەربگرن.