بانكی ناوەندی عێراق، دیارنەمانی بڕێكی زۆری دراوی ناوخۆیی ڕەتدەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، دیناری عێراقی بەپێی پێویستی ئابووری وڵات چاپ دەكرێت.
بانکی ناوەندی عێراق لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “دەنگۆی دیارنەمانی بڕێکی زۆر دراوی ناوخۆیی و بەقاچاخبردنی بۆ وڵاتانی دراوسێ ڕەت دەكەینەوە”.
ڕاشیگەیاندووە، دیناری عێراقی بەپێی پێداویستی ئابوریی عێراق و بەپێی رێکاری پێویست چاپ دەکرێت.
بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوەشكردووە، دەرکردنی بۆندەکانی ئاوەدانكردنەوە (دەرچوونی یەکەم)، کە بەتەواوی فرۆشرا، بەپێی پێویستی وەزارەتی دارایی بووە.
جەختیشی كردۆتەوە، بانکەکە شەفافیەتێکی تەواو پەیڕەو دەكات، بەو پێیەی حیساب و کارەکانی کەوتۆتە ژێر وردبینی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی و کۆمپانیایەکی وردبینی نێودەوڵەتیی و لیژنەیەکی وردبینی دەرەکی، جگە لە بەشی وردبینی ناوخۆیی.