ئەمڕۆ، ڕۆژی ئاڵای كوردستانە
ڕۆژی ئاڵا لە چییەوە هاتووە و پەڕلەمان بۆ ئەو بڕیارەی دەركرد؟



 

ئەمڕۆ شەممە 17ی كانوونی یەكەم، یادی ڕۆژی ئاڵای كوردستان دەكرێتەوە، لە هەموو شوێنێكی وڵات ئاڵای كوردستان هەڵدەكرێت و ڕێوڕەسمی تایبەتی لە دامودەزگا حكومییەكان بۆ ساز دەكرێت، كوردان بە پۆشاكی كوردییەوە پێشوازی لەڕۆژی ئاڵای كوردستان دەكەن.

ئاڵای كوردستان هێمای شۆڕشە ڕزگاریخوازە یەك بەدوای یەكەكانی كورد بووە، تاكو لەڕۆژی 22-1-1946 و لەڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی كۆماری كوردستان بە سەرۆكایەتی قازی محەمەد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد (سابڵاغ) بۆ یەكەمجار بەفەرمی هەڵدراوە و بوو بە ڕەمزی كۆماری كوردستان.

دوای كەمتر لە 11 مانگ و بەپیلانێكی دوژمنانی كورد، كۆماری كوردستان لەناوبرا و لەڕۆژی 17-12-1946 بەمەبەستی پاراستنی ئاڵاكە لەدەستی دوژمنان تاوەكو سووكایەتی پێنەكەن، ئاڵاكەیان داگرتووە و ئیتر ئەو ڕۆژە بووە بە ڕۆژی ئاڵای كوردستان.

لەساڵی ٢٠٠٩دا پەڕلەمانی كوردستان بڕیاریدا ڕۆژی ١٧ی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێك وەكو ڕۆژی ئاڵا دیاری بكرێت و لەو ڕۆژەدا سەرجەم ئاڵاكانی سەر دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان بگۆڕدرێن و نوێ بكرێنەوە، هاوكات پەڕلەمانی كوردستان لە ساڵی 1999 بە بڕیارێك ئەو ئاڵایەی بەئاڵای فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ناساند.

مانای چوار ڕەنگەكەی ئاڵای كوردستان
سوور : هێمای شۆڕشگێڕی و خوێنی شەهیدانی میللەتی كوردە لە پێناو مافەكانیاندا.
سپی : هێمای ئاشتی و ئاساییشە، كە میللەتی كورد بەردەوام ئاشتیخوازبووە.
سەوز : لە سروشتی كوردستانەوە هاتووە و هێمای ژیانەوەیە.
زەرد : مەبەست لەڕۆژە بیست و یەك تیشكییەكەیە، كە هێمایەكیشە بۆ 21ی ئازار و یەكەم ڕۆژی ساڵی كورد (نەورۆز).

ئاڵا جیاوازەكانی كورد
ئاڵای سەردەمی كۆماری مهاباد كەمێك جیاواز بووە لەو ئاڵایەی ئێستا لە باشووری كوردستان هەڵكراوە و بەفەڕمی لەئاستی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی دانی پێداندراوە، بەڵام لەڕۆژئاوا و باكوری كوردستان، كە پەكەكە و پەیەدە لەوێ باڵادەستن، ئاڵایەكی دیكەی سەردەمی پێشووی كورد بەكاردەهێنن، كە 700 ساڵ پێش زایین و لە سەردەمی دەوڵەتی ماد-ەكان هەڵكراوە.

پەروەردە سەرەڕای تاقیكردنەوەكان، ڕۆژی ئاڵا بەرز ڕادەگرێت
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم لە گشتاندنێكدا بۆ خوێندنگەكان، كە وێنەی دەست (خەڵك) كەوتووە، ئاماژەی بەوەكردووە، “بەمەبەستی بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵا، داواكارین لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندندا ئاڵا هەڵبكرێت و مەڕاسیمێكی شایستە ئەنجام بدرێت لە كاتژمێری یەكەمی دەوام لە ڕۆژی شەممە 17-12-2021 و بەو هۆیەوە یەك كاتژمێر تاقیكردنەوەكان دوابخرێن”.

سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ تاقیكردنەوەكانی وەرزی یەكەمی ساڵی خوێندنی 2022 – 2023 ئەنجام دەدرێن، بەڵام وەزارەتی پەروەردە بۆ ناساندنی ئاڵای كوردستان و یادكردنەوەی ئەو ڕۆژە و هێشتنەوەی یادەكە بە زیندوویی لە بیر و هۆشی خوێندكارانی نەوەی داهاتووی وڵاتدا، بڕیاریدا ئەمڕۆ یەك كاتژمێر تاقیكردنەوەكان دوابخرێن و لەو كاتژمێرەدا یادی ئاڵای كوردستان بكرێتەوە.

فیفا وەڵامی سەرۆكی ئۆكراینا ناداتەوە
پێت فیفا وەڵامی سەرۆكی ئۆكراینا ناداتەوە
ئۆكراینا دۆنێتسك مووشەكباران دەكات
دوات ئۆكراینا دۆنێتسك مووشەكباران دەكات
پەیوەنیدر