حاکم قادر حەمەجان، ڕایگەیاند پاراستنی قەوارەی هەرێم ئەرکی هەموو تاکێکی گەلی کوردستانە، هەوڵدان بۆ لەتکردنی هەرێم سیاسەتێکی کوشندەیە و دەبێت حزبەکانی هەرێم بۆ موچە پێکەوە بەیەك پاكێج بچنە بەغدا.
حاکم قادر سەردانی گوندی تەكیەی بایزی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، گوندنیشینانی کوردستان بە گشتی بەردەوام لە شۆڕشە جیاوازەکاندا قوربانی زۆریان داوە، ئەوان پاڵپشتی سەرەکی هێزی پێشمەرگەبوون، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا وەک پێویست خزمەتی خەڵکی گوندنشین نەکراوە و نەتوانراوە گوندەکان بکرێن بە سەرچاوەی ئابووری لە هەرێمی کوردستان.
حاکم قادر ڕایگەیاند، پێویستە حكومەتی ھەرێم، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بکاتە سەرچاوەی سەرەکی بەدەستهێنانی داهات كە ئەوەش بە بردنی ڕێگا و خزمەتگوزاری بۆ گوندەکان دەبێت.
وتیشی: پاراستنی قەوارەی هەرێم ئەرکی هەموو تاکێکی گەلی کوردستانە و هەر هەوڵێک بە ئاراستەی لەتکردن و نەهێشتنی، سیاسەتێکی کوشندەیە و دژە بە یەکڕیزی گەلەکەمان، دووژمنانی گەلەکەشمان هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان هەرێمەکەمان لەتبکەن و لاوازمان بکەن.
راشیگەیاند، حزب و لایەنە کوردستانییەکان هەموویان کۆکن لەسەر داواکردنی مووچەی خەڵکی كوردستان لە بەغدا، کەچی هەریەکە و بەجیا لە بەغدا هەوڵدەدات، کە ئەمە نیشانەی لێکترازان و لاوازی نیشانی بەغدا دەدات، بۆیە پێویستە هەموویان بە وەفدێکی بەهێز و بە پاكێجێكی ھاوبەش بچنە بەغدا و نیشانی بدەن کە حزبەکان لە پێناو مافە بنچینەییەکاندا یەکگرتوون.