کونسوڵی گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێم لە كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، کاردەکەین بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر بودجە و مووچە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٠٢٣/١٢/٥ ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازی کرد لە نەسروڵڵا ڕەشنوودی، کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و شاندێكی یاوەری.
وەزیری دارایی کورتەیەکی لەسەر دواین هەنگاوەکان و گفتوگاکانی نێوان هەرێم و بەغداد لە سەر پرسی بودجە و مووچە خستەڕوو، ئاماژەی بەوەکرد، هەوڵەکانیان بەردەوامە بەئاڕاستەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق.
وتیشی، “بەو هیوایەی بتوانن بۆ ساڵی داهاتوو پرسی مووچەی فەرمانبەران لەهەموو کێشە و ململانێیەک دووربخەنەوە و بەیەک پێوانە مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێم وەک تێکڕای مووچەخۆرانی پارێزگاکانی تری عێراق بکرێت”.
وەزیری دارایی داوای لەکونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد، لە ڕێی پەیوەندیەکانیانەوە هاوکاربن بۆ چارەسەی کێشەکان.
لای خۆیەوە، نەسروڵڵا ڕەشنوودی ڕایگەیاندووە، توانا و پەیوەندییەکانی خۆمان بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی کێشەکانی هەرێم و بەغداد لەسەر پرسی بودجە و مووچە بەزوترین کات چارەسەر بکرێت.
کونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لەهەولێر باسی لەشایستەی ئەو کۆمپانیا ئێرانیانە کرد، کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و بەهۆی قەیرانی داراییەوە شایستەکانیان دواکەوتووە.
وەزیری دارایی پابەندی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی بۆ خەرج کردنی شایستەی کۆمپانیاکان دوپات کردەوە و ڕایگەیاند، بەچارەسەربوونی کێشە سیاسیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی، کە کێشەی گەورەی ئابووری و دارایی قورسی بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردووە، کێشەی سەرجەم کۆمپانیا ئێرانیەکان و کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکانیش چارەسەر دەبێت، بەتایبەت کێشەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.