ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا مووچەی کارمەندانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ 250 هەزار دینار زیادبکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیران، چل و نۆیەمین دانیشتنی ئاسایی خۆی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی بەرێوەبەرد، هاوکات چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانە زیادکردنی مووچەی دامەزراوانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران، ئاماژە بەوەکراوە، “بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی خۆبەخشی، و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بۆ پێزانینی ئەو هەوڵە بەنرخەی کە داویانە بۆ خزمەتکردنی وڵات و کۆمەڵگا و بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی کلتوری کاری خۆبەخشی لە عێراق، سەرۆکوەزیران ئەم بڕیارانەی دا:
- پابەندکردنی سەرجەم وەزارەتەکان و دەزگاکانی حکومەت بە نیشاندانی ئەوپەڕی هاوکاری و دابینکردنی ئاسانکاری بۆ خۆبەخشەکان و تیمە خۆبەخشەکان بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانیان.
- تەرخانکردنی یارمەتییەکی دارایی بۆ ئەو خۆبەخشانەی کە لە کاتی کاری خۆبەخشیدا تووشی ڕووداو دەبن.
- تەرخانکردنی خەڵاتی ساڵانەی نیشتمانی بۆ ئەو کەسانەی کە لە کاری خۆبەخشیدا جیاوازن.
- ئەو وەزارەتانەی کە پێویستیان بە خۆبەخش هەیە، سەنتەری خۆبەخشی تێدا دادەمەزرێنن کە کار بۆ ڕێکخستنیان دەکەن، لە چوارچێوەی بەرنامە و چالاکییەکانیاندا.
لەبواری چاودێری کۆمەڵایەتیدا، “ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا پێشنیازەکانی ڕەشنووسی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای چاودێریی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و پێداویستییە تایبەتەکان (38ی ساڵی 2013) پەسەند بکات، کە بریتی بوو لە زیادکردنی مووچەی فەرمانبەری چاودێری کۆمەڵایەتی بۆ 250 هەزار دینار، و دەسەڵاتدان بە ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەستکاریکردنی مووچە لەکاتی پێویستدا، بە لەبەرچاوگرتنی گرنگیدان بە تێبینییەکانی بەشی یاسایی لە ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران.