بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ئاشكرای دەكات، كە بەهۆی دزی كردن لە چەند دوكانێك، دوو تۆمەتبار دەستگیر كران.
عەقیدی مافپەروەر، عەلی جەمال قدووری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای تۆمارکردنی سکاڵای چەند کاسبکارێک لەبەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان و ئاگادارکردنەوەیان، کە لەدوکانەکانیان لەگەڕەکی سیروان دزیکراوە، دوو تۆمەتبار دەستگیر كران.
ڕاشیگەیاندووە، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و لێکۆڵینەوە بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان توانیان دوو تۆمەتبار دەستگیربکەن، کە هەستابون بەدزینی مەبلەغێک پارە و دوو ئامێری پڕکردنەوەی باڵانسی پەوەندییەكان لەگەڕەکی سیروانی قەزای کەلار.
ئاماژەی بەوەشكردووە، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباران دانیان بەتاوانەکەدا ناوە و لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 446 بەندکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.