ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان داوا لە شێخی ئەزهەر دەکات ثێشڕەوییان بکات بۆ ئەوەی پێکەوە بچنە دەروازەی سنووری رەفەح و نەگەڕێنەوە تا ئەو کاتەی دەروازەکە دەکرێتەوە و هاوکاری مرۆیی دەگەیەننە غەززە.
عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان دەربارەی دۆخی غەززە نامەیەکی بۆ ئەحمەد تەیب شێخی ئەزهەر نارد و داوای لێ دەکات ڕابەرایەتییان بکات بۆ چوونە دەروازەی رەفەح و هەوڵدان بۆ گەیاندنی هاوکاری بە دانیشتووانی غەززە.
ئەمەش دەقی نامەکەیە:
نامەیەك بۆ شێخی ئەزهەری بەڕێز:
تكایە ڕابەرایەتیمان بكە بەرەو دەروازەی ڕەفەح، ناگەڕێینەوە هەتا نەچینە ناو غەززەوە و هەتا هاوبەشی كەسوكاری خۆڕاگرمان نەبین، هەتا ئەوكاتەی لەگەڵ خۆشماندا كاروانی هاوكارییەكان دەبەینە ناوەوە.
گومان لەوەدا نییە كە هەڵوێستی پ.د. ئەحمەد تەیب (شێخی ئەزهەر)، زۆر ڕێزدارانەیە و سوپاسی دەكەین لەسەری، بەڵام بەتەنها ئیدانە كردن بەس نییە بۆ بەڕێزیان -كە لە پێگەیەكی گەورەدایە-، هەروەها لە وڵاتێكدایە كە جڵەوگیری دەروازەی ڕەفەح دەكات، بەڕێزیان فەزڵیان بەسەر سەرۆكەكەیانەوە هەیە، گومانم نییە گەر ئەو پێداگر بێت، سەرۆكەكەشی بەدەمیەوە دێت.
ئێمە لە یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمانەوە، هەموومان لە پشتی بەڕێزیانەوە دەوەستین بۆ ئەم هەنگاوە كە (واجب الوقت – لەئێستادا فەڕزە) و شیاوە بە زانایان، لەپێش هەموویانەوە خۆم كە هەر ئەوەندەی قبووڵ بكرێت دەستبەجێ دەگەمە ئەوێ.
من پێشتر بەیاننامەیەكی كاریگەری بەڕێز شێخی ئەزهەرم بینی لەبارەی ئەم ڕووداوانەی ئێستا لە غەززە دەگوزەرێن، هەر ئەمەش وای لێ كردم ئەم داواكارییە بەرز بكەمەوە.
ئاشكرایە كە لەڕووی شەرعەوە ڕەوا نییە بێدەنگ بین لەئاست ئەم كۆمەڵكوژی و كوشتار و وێرانكارییە گشتییە و ئەم كوشتنی هەزاران منداڵ و ژنەدا..
هەر بەڕاستی غەززە دەسووتێت و دانیشتوانە قارەمانەكانیشی بە چەكە كوشندەكان لەناو دەبرێن.
جا لەبەرامبەر ئەم كۆمەڵكوژییەدا بەتەنها ئیدانە كردن بەس نییە، بەڵكو هەوڵدان و تێكۆشانی هەر یەكێكمان بەپێی توانا گرنگە.. ئەگەر نا لەبەرامبەر خوا بەرپرسین.
براتان: پ.د. عەلی محێدین قەرەداغی
ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان