ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بڕیارە لەم هەفتەیەدا بەغدا 700 ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت.
د. جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، ناردنی كۆتا 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بڕیاری لەبارەوە دراوە و هیچ گرفتێكی نییە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا ئەو 700 ملیار دینارە ڕەوانەبكرێت.
ڕاشیگەیاندووە، ناردنی 700 ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە و وەزیری دارایی عێراق ناتوانرێت ڕایبگرێت، بەڵام تائێستا هۆكاری دواكەوتنی ناردنی ئاشكرانەكراوە.
مانگانە لەگەڵ گەیشتنی 700 ملیار دینارەكە لە بەغداوە بۆ سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی هەرێم، خشتەی مووچە ڕادەگەیەنرێت.
بەپێی بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕی 2 ترلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەرخان كراوە، كە تا ئێستا دوو 700 ملیار دیناری (ترلیۆنێك و 400 ملیار دینار)ی گەیشتووە و بۆ مووچەی مانگەكانی 7 و 8 خەرج كراوە و كۆتا بەشیشی بۆ مووچەی مانگی 9 خەرج دەكرێت.
تا ئێستا چارەنووسی مووچەی مانگەكانی (10 و 11 و 12) نادیارە و بۆ ئەوەش حكومەتی هەرێم بە نووسراوی فەرمی داوای ناردنی لە عێراق كردووە و لە ماوەی ڕابردووشدا چەند جارێك شاندی هەرێم چۆتە بەغدا بۆ ڕێككەوتن لەسەر ناردنی پارەی دیكە بۆ مووچە.