ئەمڕۆ شەممە، ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، هەزاران فەرمانبەری وەزارەتەكانی عێراق خۆپیشاندانی “توڕە”ییان دەستپێكرد و داوای دەستکاریکردنی پلەبەندی مووچە دەكەن.
ئەمڕۆ شەممە، هەزاران فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکان لە پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا، نەجەف و بەسرە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای هەموارکردنەوەی پلەبەندی مووچەیان لە سەرۆک وەزیران کرد.
سەدان خۆپیشاندەر بۆ پلەبەندی مووچە لەبەردەم وەزارەتی دارایی لەسەنتەری بەغدای پایتەخت خۆپیشاندانیان کرد و داوای پەسەندکردنی یاسای نوێی خزمەتی شارستانی دەكە، کە بڕگەیەكی تایبەتە بە پلەبەندی مووچە و زیاد كردنی مووچە و دەرماڵەی مووچە كەمەكان.
فەرمانبەرانی ناڕازی بە تایبەتی مامۆستایان و فەرمانبەران و ئەوانەی سەر بە وەزارەتە خزمەتگوزارییەکانن، لەوانە ئاوەدانكردنەوە، شارەوانی، پلاندانان و سەرچاوەکانی ئاو، هەوڵی دەستکاریکردنی پلەبەندی مووچەکانیان دەدەن، هاوشێوەی فەرمانبەرانی دەستە و وەزارەتە سیادی و ئەمنییەکان، وەک ناوخۆ، بەرگری، نەوت، کارەبا، خوێندنی باڵا و ئۆرگان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەک “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاسایشی نیشتمانی” كە مووچە و دەرماڵەی زۆریان هەیە.
ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە هەمواری یاسای پلەبەندی مووچە ئامادە كراوە بۆ زیادكردنی مووچە و دەرماڵەی ئەو فەرمانبەرانەی مووچەیان كەمە و دروست كردنی دادپەروەری لەنێوان وەزارەتەكان.