سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید لە پەراوێزی کارەکانی کۆنفرانسی لوتکەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کەشوهەوا (COP28) چاوی بە بەڕێز یانس ستۆلتێنبێرگ ئەمینداری گشتی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) کەوت.
لە دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ هەینی 1-12-2023 لە دوبەی بەڕێوەچو و هەردوو بەڕێزان د.فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و نزار ئامێدی وەزیری ژینگە ئامادەبون، باس لە رەوشی ئاسایش و سیاسی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و کارەکانی کۆنفرانسی کەشوهەوا (COP28) کرا، لەوبارەیەوە سەرۆک کۆمار دوپاتیکردەوە، کە گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیریی جیهان، هەربۆیە گرنگە پەیوەندییەکان پتەوبکرێن و ئاسۆی هاریکاری لەنێوان هەموان بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو مەترسیانە فراوان بکرێت.
هەر لە دیدارەکەدا، رێوشوێنەکانی عیراقی لە رێی وەزارەتی ژینگە و وەزارەت و پێکهاتە و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی دیکەی حکومەتەوە بۆ کەمکردنەوەی دەرهاویشتە نێگەتیڤەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرەنگاربونەوەی وشکبون و کەمبونەوەی ئاو و بنبڕکردنی بەبیابانبون، رونکردەوە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەڵوێستی چەسپاوی عیراق لەبارەی پرسی فەڵەستین دوپاتکرایەوە و ئیدانەی دەستدرێژییەکانی سەر هاووڵاتیانی سڤیلی کرد، بە پێویستیشیزانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستی روون و راشکاوانەی هەبێت دژ بەو پێشێلکاریانەی دەرهەق بە گەلی فەڵەستین ئەنجام دەدرێن، سەرەڕای پێدانی مافی چارەی خۆنوسین.
لەلایەن خۆیەوە ئەمینداری گشتی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی ستایشی رۆڵی گەورەی عیراقی کرد لە بنبڕکردنی تیرۆر و رەخساندنی بنەمای ئاشتی لە ناوچەکە و بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە عیراقدا.