ئەمڕۆ هەینی 1ی کانوونی یەکەمی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی لووتکەی جیهانیی کەش و هەوا (COP28) لە شاری دوبەی، لەلایەن شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازیی لێ کرا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە لووتکەکەدا لە دوبەی، لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی جیهان دیدار و گفتوگۆی هەبوو، لەوانە شا چارلس، شای شانشینی یەکگرتوو و شێخ تەمیم بن حەمەد، میری دەوڵەتی قەتەر و مارک ڕووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا و ئەلیکساندەر دیکروو، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا و نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان و بیشر خەساونە، سەرۆکوەزیرانی شانشینی ئوردن و ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یهكێتیی ئەوروپا و قاسم توکاییڤ، سەرۆکی کازاخستان و جۆن کێری، نێردەی باڵای سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری کەشوهەوا و تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئیمارات.