بەپێی ڕاپرسییەک کە لەلایەن ڕێکخراوی ناحکومی “ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویج” ئەنجامدراوە، نزیکەی 60%ی جووتیارانی زۆرێک لە پارێزگاکانی عێراق لە ئەنجامی کەمکردنەوەی ڕووبەری چێنراو و کەمکردنەوەی بڕی ئاوی بەکارهێنراو زیانیان بەرکەوتووە.
لە ڕاپرسییەکدا کە لەلایەن ئەنجومەنەکەوە ئەنجامدراوە دەرکەوتووە کە داهاتی هەندێک لە جووتیاران لە ساڵی ٢٠٢٣ بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ زیادیکردووە، ئەمەش هۆکاری بارانبارینیان گەڕاندووەتەوە بە ڕێژەیەکی “بەرزتر لە خەمڵاندنە سەرەتاییەکان”، کە بووەتە هۆی باشتربوونی ڕێژەی بەرهەمەکان.
ڕێکخراوەکە توێژینەوەکەی لە ماوەی مانگەکانی تەمموز و ئاب لە 4 پارێزگاری عێراق ئەنجامداوە، بە پشتبەستن بە ئەنجامی دروێنە و کاریگەریی وشکەساڵی لەسەر خێزانەکان، لەو ماوەیەدا چاوپێکەوتنی لەگەڵ 1079 کەس ئەنجامداوە. 40%ی نمونەکە ژن بوون، و 94%ی بەشداربووان دانیشتووی ناوچە گوندنشینەکان بوون.
لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا، پرسەکانی “دەستگەیشتن بە ئاو” بەردەوام بوون لە “کاریگەریکردن لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی”، بەپێی ڕاپرسییەکە، کە پشتڕاستیکردووەتەوە کە “٦٠%ی جووتیاران ناچاربوون ڕووبەری بچووکتر لە زەوی بچێنن یان بڕێکی کەمتر ئاو بەکاربهێنن بەهۆی سەختی کەشوهەوا ” لە پارێزگاکانی باکوری وڵات ( نەینەوا، کەرکوک، سەڵاح الدین)، و لە ئەنبار، ڕۆژئاوای وڵات، بەپێی ئەوەی ئاژانس فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە.
ڕێکخراوەکە دووپاتی کردەوە، “4 لە هەر 5 کەسێک لەنێو ئەو کەسانەی ڕووپێوییان بۆ کراوە لە پێکهاتە کشتوکاڵییەکانی نەینەوا و کەرکوک، لە ماوەی 12 مانگی ڕابردوودا ناچاربوون خەرجییەکانیان بۆ خۆراک کەم بکەنەوە”.
توێژینەوەکە چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی کۆنفرانسی کەشوهەوای لایەنەکان (COP28) بڵاوکراوەتەوە، کە لە دوبەی لە نێوان ٣٠ی ئەم مانگە تا ١٢ی کانوونی دووەم میوانداری دەکات.
لەبەر ڕۆشنایی کەمبوونەوەی ڕێژەی باران و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، عێراق بۆ چوارەم ساڵ لەسەریەک بەدەست وشکەساڵییەوە دەناڵێنێت.
دەسەڵاتدارانی عێراق ئەو بەنداوانە بەهۆکار دەزانن کە تورکیا و ئێران لەسەر ڕووباری دیجلە و فورات دروستیان کردووە، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی ئەو دوو ڕووبارە و لقەکانیان لە کاتی گەیشتنیان بە عێراق.
سەرچاوە: ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە