نەوتە هەرزانەكەی بەغدا خەڵك لە وەرگرتنی نەوتەكەی هەرێم سارد دەكاتەوە



دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناردنی نەوت لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ هەرێم بە نرخی 50 هەزار بۆ بەرمیلێك، بەشێكی هاووڵاتیان لە وەرگرتنی نەوتە 103 هەزار دینارییەكەی حكومەتی هەرێم سارد دەكاتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە سلێمانی دەستی كەوتووە، دوای ئەوەی لە زاری بەرپرسانەوە هەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە، كە حكومەتی عێراق لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە نەوت بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دەنێرێت و بەرمیلی بە 50 هەزار دینارە، بۆیە بەشێكی هاووڵاتیان لە ئێستادا نەوتەكەی حكومەتی هەرێم، كە بەرمیلی بە 103 هەزار دینارە وەرناگرن.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەمڕۆ لە سنووری مەڵبەندی دوو و سێ‌ لەناو سلێمانی نەوت دابەشكراوە، بەڵام بەشێكی هاووڵاتیان نەوتیان وەرنەگرتووە و بەوهۆیەوە زۆر بەخێرایی پڕۆسەی دابەشكردنی نەوت بە كۆڵانەكاندا دەڕوات و تانكەرەكان تا كاتێكی درەنگ نەوتیان پێ‌ دەمێنێت.

بە وتەی سەرچاوەكە، ئەو نەوتەی عێراق بەنیازە بینێرێت بڕێكی كەمە و بۆ ناو شار دابەش ناكرێت و دەنێردرێت بۆ ناوچە شاخاوییەكانی دەرەوەی شار، كە هێشتا نەوتیان وەرنەگرتووە، لەكاتێكدا هێشتا نەوتەكەش نەهاتووە.

هاووڵاتییەك لە گەڕەكی گۆیژە بۆ (خەڵك) وتی، “ئەمڕۆ نەوت گەیشتە گەڕەكەكەمان، بەڵام بەشێكی ماڵەكان وەریان نەگرت، چونكە بەشێكی هاوولاتیان پێیان وایە عێراق نەوت بە هەرزان دەنێرێت”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە د. عزەت سابیر، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لە 1ی 12ی ئەمساڵەوە حكومەتی عێراق نەوت بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دەنێرێت، كە بەرمیلی بە 50 هەزار دینار دەبێت.

دوابەدوای ئەو لێدوانەش، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا جەختی كردەوە، كە هەر كات ئەو نەوتەی عێراق بڕیاری داوە بینێرێت بۆ هەرێم بگاتە دەستیان لە ناوچە شاخاوییەكان دابەشی دەكەن.

ڕاشیگەیاندووە، لە ناو شاری سلێمانی دابەشكردنی نەوت بە هەمان میكانیزم بە نرخی 103 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێك بەردەوام دەبێت.

لە دهۆك كارەبای مۆلیدە گران دەبێت
پێت لە دهۆك كارەبای مۆلیدە گران دەبێت
نرخی زێڕ بەرزترین ئاستی سێ مانگی ڕابردووی تۆمارکرد
دوات نرخی زێڕ بەرزترین ئاستی سێ مانگی ڕابردووی تۆمارکرد
پەیوەنیدر