وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئاشكرای دەكات، كە پارەی پێویست دابین كراوە بۆ پێدانی دەرماڵە بە منداڵانی هەژار و كەمدەرامەت لە سەرجەم پۆلەكانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە تەواوی خوێندنگەكانی وڵاتدا.
مەحمود قەیسی، جێگری یەكەمی سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، وەزارەتی دارایی پارەی پێویستی خستۆتە سەر هەژماری وەزارەتی پەروەردە بۆ خەرج كردنی لەچوارچێوەی پێدانی دەرماڵە بە خوێندكاراندا.
ڕاشیگەیاندووە، لیژنەكەیان هەوڵ دەدات بۆ كاراكردنی یاسای پێدانی دەرماڵە و هاوكاری دارایی بە خوێندكاران و پابەندكردنی حكومەت بە یاساكەوە.
لای خۆشیەوە، وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە درێژەی جێبەجێکردنی بڕگەکانی پرۆگرامی حکومەت بە سەرۆکایەتی سەرۆك وەزیران بۆ پاڵپشتیکردنی خێزانە کەمدەرامەتەکان، وەزارەتی پەروەردە بە هاوکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بڕێك پارەی وەك دەرماڵە و هاوكاری دەستەبەر كردووە بۆ خوێندکارانی خێزانە كەمدەرامەتەكان، کە لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیدا جێگیرکراون.
ڕاشیگەیاندووە، ئەو دەرماڵەیە بۆ مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم (10 و 11)ی ئەمساڵ خەرج دەكرێت.
جەختیشی كردۆتەوە، ئەو پارەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دابەش دەكرێت ئەوەش دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دارایی.
پێشتر بەرپرسانی پەروەردە و پەرلەمان ئاشكرایان كردبوو، كە بۆ هەر خوێندكارێكی قۆناغی سەرەتایی بڕی مانگانەی 30 هەزار و بۆ قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی بڕی 50 هەزار دینار خەرج دەكرێت.