بەهای دۆلار لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێم ناجێگیرە و دوای ڕۆژێك لە بەرزبوونەوەی بەهاكەی، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووبارە نرخەكەی شكا.
ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شەممە جارێكی دیكە بەهای دۆلار شكاوە و ئێستا 100 دۆلار بە 157 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە دوێنێ نرخەكەی بەرزبووەوە بۆ 158 هەزار و 250 دینار، بەڵام ئەمڕۆ نرخەكەی دابەزیوە و لە بۆرسەی بەغدا ئێستا بە 157 هەزار و 400 دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت.
سەرەڕای چەندین بڕیار و ڕێكاری حكومەتی عێراقی و بانكی ناوەندی، بەڵام بەهای دۆلار بەردەوام ناجێگیرە و ڕۆژانە بەرز و نزم دەكات و ئەوەش دڵەڕاوكێ و نیگەرانی لای هاووڵاتیان دروست كردووە.