مەلا بەختیار
به‌ره به‌ره، به‌ره‌و جه‌نگی ساردی دووه‌م، زلهێزه‌كان، له ململانێ‌و ته‌وژمی سیاسیدان. له‌ناو وڵاتانی جیهانیشدا، چاوچنۆكن.
له جه‌نگی ساردی یه‌كه‌مدا، یه‌كێك له نه‌ته‌وه هه‌ره كاره‌ساتباره‌كان، كورد بوو. كه جه‌نگی سارد سه‌ریهه‌ڵدا، سه‌ری كۆماری كوردستانی (1946-1947) خوارد. هه‌تا ململانێكانی جه‌مسه‌ره‌كانی جه‌نگی ساردی رۆژئاوا‌و رۆژهه‌ڵات، گه‌رمتر ده‌بوو، به‌ش به‌شی كوردستان، دوچاری كاره‌سات‌و نائومدێی ده‌كران. چل ساڵی ره‌به‌ق جه‌نگی سارد خایاندی، كاره‌سات دوای كاره‌سات به‌سه‌ر كوردستاندا ده‌هێنرا، هه‌تا گه‌یه‌ندرایه خیانه‌تنامه‌ی جهزائیرو تیاچونی شۆڕشی ئه‌یلول، ئینجا كاره‌ساته‌كان گه‌یه‌ندرانه راگواستنی دێهات، ئهنفالو كیمیاباران.. كه‌چی رۆژئاوا‌و رۆژهه‌ڵاتی جیهان، موی مرۆییان نه‌بزووت!! هه‌تا شورهویو په‌یڕه‌وانیان روخان. كوه‌یت داگیركرا. ئینجا ئاگری سوتاندنی به‌رژه‌وه‌ندی زلهێز و كه‌نداویه‌كان، بزواندنیو له‌گه‌ڵ ئاوابونی جه‌نگی سارد، هاوڕۆژگار، خۆری گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ئۆروپا‌و كوردیش له‌ودیو كه‌لی فاشیه‌تی عێراق‌و تۆتالیتاریه‌تی رۆژهه‌ڵاتی ئۆروپاوه هه‌ڵهات.
چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك به‌سه‌ر كۆتایی جه‌نگی سارد و جاڕی تاك جه‌مسه‌ری لیبرالیزم تێپه‌ڕی. به‌ڵام سیسته‌مه لیبراله‌كان نه‌یانتوانی جیهان كۆنترۆڵ بكه‌ن. نه‌ك چین و شوره‌وی، به‌ڵكو ئه‌مریكا یه‌كێتی ئۆروپاشیان به كۆنترۆڵكراوی نه‌پاراست. چین و روسیا پێكه‌وه تۆكمه تۆكمه له كێبه‌ركێی سیاسه‌تی نێودهوڵهتیو كاریگه‌ری ژیوپۆلیتیكن. بهرازیلو ئه‌فریقیای باشوریش لهتهكیانن. هیندستان چۆته هاوپه‌یمانی (بریكس)و چه‌ندین وڵاتی عهرهبیو ئێرانیش له‌به‌ر دهروازهكهیدا چاوه‌ڕوانی ئهندامهتین. كورتیه‌كه‌ی:
دوای چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك له كۆتایی جه‌نگی ساردی یه‌كه‌م، وا جیهان له‌سه‌رده‌می جیهانگیریشدا، پێ ده‌نێته جه‌نگی ساردی دووه‌م. ئایا كورد هاوكێشه نوێكانی ئه‌م دووه‌مین جه‌نگی سارده‌ی خوێندۆته‌وه؟ ئێمه له روانگه‌ی خۆمانه‌وه ده‌یخوێنینه‌وه.
زلهێزه‌كان.. چه‌شنی دوو سه‌د ساڵی رابوردوو نه‌ماوون. نه فه‌ره‌نسا، فه‌ره‌نسای سه‌رده‌می رۆشنگه‌رییه؛ نه به‌ریتانیا وڵاته‌كه‌ی سه‌رده‌می شۆڕشی پیشهسازیو دیموكراسییه؛ نه ئیتاڵیاش زایگای رێنیسانسه؛ ئه‌مریكاش سوپه‌ر پاوه‌ری دوای جه‌نگی یهكهمو دووه‌م نه‌ماوه. روسیاش، روسیای پاوانكردنی رۆژهه‌ڵاتی ئۆروپا‌و ستالینی تۆتالیتا‌ر نییه. سه‌راپا هاوكێشه‌كان له‌دوای شۆڕشی دیموكراسیه‌وه، سه‌باره‌ت به نه‌خشه‌ی سیاسی جیهانو كاریگه‌ری رۆژئاوا، پاشان روسیا، گۆڕدراوه. به‌ڵكو زۆربه‌ی وڵاتانی دیكه‌ش له گۆڕانكاری قوڵدان. ئه‌وه ئه‌مریكای لاتین. ئه‌وه‌ش ئه‌فریقیا، ئه‌وه‌ش وڵاتانی عه‌ره‌بی، به‌تایبه‌تی وڵاتانی كه‌نداویان. زیاتر له هه‌موو ئه‌وانه‌ش وڵاتانی ئیقلیم نه هی سه‌رده‌می شا و نه هی هه‌لومه‌رجی كه‌مال ئه‌تاتورك‌و نه گیرۆده‌ی سهدامنو سوریاش له ئامێزی ئێران-روسیا ئارامی گرتووه.
له جه‌نگی ساردی یه‌كه‌مدا، روسیا پێشه‌نگی جه‌مسه‌ری رۆژههڵاتو په‌یمانی وارشۆ بوو، ئێستا، له‌رووی ته‌كنه‌لۆژیاو ئابوریه‌وه چین پێشه‌نگه و له‌ڕووی عهسكهریشهوه روسیا كاریگه‌ره، وڵاتانی وه‌كو ژاپۆن، ئه‌فریقیای باشور، هیندستان، ئه‌ڵمانیاو فه‌ره‌نسا، له وڵاته كاریگهرهكانن. كه مل بۆ هه‌ژمونگه‌ری ئهمریكاو روسیا كه‌چ ناكه‌ن. ورده ورده، ئه‌مریكا، په‌یمانی ناتۆی لێ دهربهاوین، هه‌ژمونگه‌رایی له‌سه‌ر رۆژئاوای ئۆروپا كز بوو. كه‌وابێ: ئهمریكاو دۆسته‌كانی (كه‌نداو، مه‌كسیك، ئیسرائیل‌و چه‌ند وڵاتێكی دیكه) له جه‌مسه‌رێكی نوێی جیهانیدا ساغ ده‌بنه‌وه. چین‌و روسیا‌و ده‌وڵه‌تانی بریكس له جه‌مسه‌ری دووهه‌من. یه‌كێتی ئۆروپاش جه‌مسه‌ری سێهه‌من. به‌ڵام كاتێك جه‌مسه‌ره‌كان ته‌واو یه‌كاڵا ده‌بنه‌وه، هه‌ندێك وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ئۆروپا ره‌نگه خۆیان به جه‌مسه‌ری ئهمریكاو تاك تاكیشیان خۆیان به جه‌مسه‌ری بریكس هه‌ڵبواسن. چونكه له دوا ئاكامدا سیاسه‌ت سه‌باره‌ت به وڵاتان دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌میشه‌ییه، نه‌ك دۆستایه‌تی نه‌گۆڕ!!
له‌م دۆخه‌دا، جیهان له سه‌روبه‌ندی جه‌نگی دووه‌می سارددایه. به‌ڵام به ناوه‌رۆك‌و فۆرمیلهوی نوێوه. ده‌پرسین: كوردستان له‌كوێی ئه‌م هاوكێشه نوێیه‌دایه؟
له جه‌نگی ساردی یه‌كه‌مدا، هێزه كوردستانیه‌كان تێكڕا. یان له‌ته‌ك ئه‌مریكا و رۆژئاوا به‌بێ ده‌سته‌به‌ر بون. یاخود له‌گه‌ڵ رۆژهه‌ڵات به‌بێ رێكه‌وتن. سه‌ره‌نجام هه‌موو خه‌باتی به‌شه‌كانی كوردستان هه‌ڵدێرا.. كه جه‌نگی سارد كۆتایی هات، كورد ئاماده‌گی بۆ قۆستنه‌وه‌ی هه‌له‌كه نه‌بوو.
راسته باشوری كوردستان توانی هه‌لی كۆتایی جه‌نگی ساردی یه‌كه‌م تاڕاده‌یه‌ك بقۆزێته‌وه. به‌ڵام هێشتا به په‌رته‌وازه‌یی له‌ناو گهمهكهدایه. شه‌ڕی ناوخۆشی كرد.
به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، له‌ناو گێژه‌نی روداوه‌كاندا سه‌ری گوریسی هیچ لایه‌كیان نه‌گرتووه. نه‌بونی ستراتیژی هاوبه‌شی لایه‌نه‌كانیش له (باكور، رۆژههڵاتو رۆژئاوا) بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستانی كردۆته پاشكۆی شه‌رمنی روداوه‌كان. مه‌ترسی هه‌یه، ئه‌وه‌ی باشور له‌دوای 1991 به‌دیهێنا، به‌شێكی له‌ده‌ست بسه‌ندرێته‌وه‌و هه‌رێم له قاڵبی په‌رله‌مانی عێراق‌و دادگای فیدراڵی ناسیۆنالیستی-تایفه‌گه‌ری عه‌ره‌ب بدرێ.
له‌كۆتاییدا دێژم: هێزه كوردستانیه‌كان له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستاندا، پێویسته به ستراتیژی خۆیاندا بچنه‌وه. كه ستراتیژێكه ره‌گه‌زه سه‌ره‌كیه‌كانی له جه‌نگی ساردی یه‌كه‌مدا چه‌قیووه. سه‌رله‌نوێ به فه‌لسه‌فه‌ی سیاسییاندا بچنه‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ی نوێیان بۆ روداوه‌كان، دیارده‌كان، ده‌ركه‌وته و لێكه‌وته‌كانی سه‌ره‌تای جه‌نگی ساردی دووه‌م هه‌بێ.