سەرچاوەكانی هەواڵ لە هەرێمی كوردستان باس لە ڕاگیرانی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكەن، بەهۆی ناكۆكییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستانەوە، دوای ئەوەی كاریگەری لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستكردووە.
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا تیمەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دژی یەكدی دوو ڕاگەیەندراویان لەبارەی بڕیاری بەغدا بۆ ناردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە.
بەڕای شارەزایانی سیاسی، ناكۆكییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەجۆرێك كاریگەری لەسەر كاروبارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستكردووە، بە گەیشتنی ناكۆكییەكان بەپەڕلەمانیش ئەوە سیستمی سیاسی هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی كاریگەر دەبێت بە ئەو ناكۆكییانە و مەترسییەكانی دووئیدارەییش زیاتر دەبن.
یەكێتی و پارتی ناكۆكییەكانیان لەسەر چەند پرسێكی وەك دەسەڵات و ئیدارە، دارایی و ئابووری، سەربازی و ئەمنین، هەرچەند هەردوولا خواستی گفتوگۆ و چارەسەری كێشەكانیان بۆ یەكدی نیشانداوە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوون بە چارەسەر بەشێوەیەكی كرداری.
سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پەڕلەمانی كوردستان هەمیشە چەتری كۆكەرەوەی لایەنە سیاسییەكان و چارەسەركردنی كێشەكانە.
ئاماژەی بە ئەوەش كرد، چارەسەركردنی گرفتەكان پێویستیان بەكاتە، پێشبینی دەكەین پێش هاتنی سەری ساڵ پەڕلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و ڕێكارەكانی ئەو ئاڵوگۆڕانەی لەنێو پەڕلەمانی كوردستان، بڕیارە بكرێن، تەواو بكرێن.
چەند سەرچاوەیەك باس لە ئەوە دەكەن، دانیشتنەكانی پەڕلەمانی كوردستان بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتییەوە ڕاگیراوە، بەڵام سامان ئەحمەد ڕەتیدەكاتەوە و دەڵێت، پەڕلەمان هەمیشە چەتری كۆكەرەوەی لایەنەكانە و بەشێكە لە چارەسەری كێشەو گرفتەكان.
لەلایەكی دیكەوە شێرزاد مامە، چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، كێشەی ڕاستەوخۆی پارتی لەگەڵ یەكێتییە لەسەر بابەتی حوكم و فۆڕمی سیاسی، تا ئێستا پارتی و یەكێتی لەسەر پڕۆسەی سیاسی پێكنەهاتوون، هەڵبژاردن دوادەخەن و تەمەنی پەڕلەمانیان درێژ كردەوە.
دەشڵێت “ناكۆكی سیاسی لە هیچ ناكۆكییەكی دیكە ناچێت، كاتێك دوو لایەن دەگەنە لوتكەی ناكۆكییەكان بێ ئومێد دەبن، بۆ ئەوەی هەناسەیەك بدەن و سینەی خۆیان بەتاڵ بكەن، دێن سەردانی لایەنەكان دەكەن”.
سەبارەت بە كۆبوونەوەكانی یەكێتی و پارتی ئەو چاودێرە دەڵێت، ئەو هەنگاوانەی ئێستا هەن بۆ كۆبوونەوە و گفتوگۆی نێوان ئەو دوو حیزبە هەنگاوی باش و ئەرێنین، لەوە باشترە لە میدیادا قسە بە یەكتر بڵێن، دابەشكردنی چوار وەزارەتەكەی عێراق دوو بە دوو دەستنەرمكردنی هەردوولایە.
دەشڵێت، بەپێی ئەزموونی نێوانیان، پارتی و یەكێتی پێویستییان بە هیچ لایەنێك نییە نێوەندگیرییان بكات، شێوازی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان بەو جۆرەیە كە ئەو كۆدانەی كاریگەرییان هەیە لەسەر پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان تەنها لەلای یەكێتی و پارتییە.
ڕوونیشیكردەوە، پەیوەندی نێوان یەكێتی و پارتی وەكو یاری مشك و پشیلە وایە، هەر لایەنێكیان دۆخیان باش بێت و پەیوەندییان لەگەڵ لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان بەهێز بێت فشار لەلایەنەكەی دیكە دەكات.
ڕاشیگەیاند، هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان قوربانی زۆریان داوە، جیهانیش بەهۆی شەڕی ڕووسیاوە بە دۆخێكی مەترسیداردا دەڕوات پێویستە یەكێتی و پارتی بە شێوازێكی نوێ بیر بكەنەوە.