ئاگربەستی ئیسرائیل و حەماس دەستی پێکرد



ئەمڕۆ هەینی، لکتێگەیشتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ ڕاگرتنی شەڕ دەستی پێکرد، کە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ هێرشەکان بۆ سەر غەززە بەشێوەیەکی کاتی ڕادەگیرێن و ڕێگە بە ئاڵوگۆڕی دیل و هاوکاریە مرۆییەکان دەدات.

چەند خولەکێک پێش دەستپێکردنی ڕاگرتنی مرۆیی شەڕ و پێکدادانەکان، لە کەناراوەکانی شاری سدیرۆتی ئیسرائیلەوە کە نزیکترین شارە لە کەرتی غەززەوە، بەردەوامی دەنگی پێکدادانە چەکدارییەکان و تەقینەوە توندەکان دەبیسترا، لە کەرتی غەززەوە مووشەک ئاڕاستەی ئیسرائیل کرا و زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرش لە ناوچەکە لێدرا.

بەپێی ئەو پلانی لێکتێگەیشتنەی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە لە کاتژمێر ٠٧:٠٠ەوە (٠٨:٠٠ بەکاتی هەولێر) شەڕ و پێکدادانەکانیان ڕاگرت، لە دەروازەی سنووری ڕەفحەوە هاوکارییە مرۆییەکان دەست بە گواستنەوە دەکەن بۆ کەرتی غەززە.

بەپێی ئەو ئامارەی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردووەتەوە، لە کەرتی غەززە کە ڕووبەڕووی گەمارۆی توند و هێرشی چڕی ئیسرائیل بووەتەوە، یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەربوون و، هێشتا پلانێک ڕانەگەیەندراوە بۆ ناردنی هاوکاریی بۆ دەیان هەزار فەڵەستینی لە باکوور و باکووری ڕۆژئاوای کەرتی غەززە کە کارەساتی مرۆیی و کاولکاری زۆریان تێدا ڕووداوە.

بەپێی لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنەکان، لە یەکەم ڕۆژدا ١٣ کەس لە هەمان خێزانی ئیسرائیلی کە پێکهاتوون لە ژن و منداڵ ئازاد دەکرێن و کاتژمێر ١٦:٠٠ بەکاتی ناوخۆ، بەرەو دەروازەی سنووری ڕەفح جووڵە دەکەن.

لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور، پێداویستی لۆجستی دیلەکان دابین دەکات. لەو بارەیەوە لیژنەکە بڵاویکردەوە ”ئەمان لایەنێک نین لە دانوستانەکان، بەڵام وەک ئامڕازێکی بێلایەن لەو لێکتێگەیشتنە مرۆییەی لایەنەکان لەسەری ڕێککەوتوون دەوری هەیە لە بەجێگەیاندنیدا”.

بەپێی ئەو زانیاریەی ڕادیۆی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی ئیسرائیل کە لە میسر چاوەڕوانن، دوای ئەوەی دیلەکانیان وەرگرت، دەیانگەیەنن بە خاکی ئیسرائیل و لەو نەخۆشخانەیەی دیاریکراوە پشکنینی ناسنامە و تەندروستییان بۆ دەکرێت.

هاوکات نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی ئیسرائیل، لە ڕێگەی ئەو ناوەندەی دایمەزراندووە، سات بە سات پێشهاتەکانی دەرچوونی دیلە ئیسرائیلییەکان لە کەرتی غەززە دەگوازێتەوە.

لەگەڵ تەواوبووانی کۆنترۆڵی دیلە ئیسرائیلییەکان، دەستبەسەرکراوە فەڵەستینییەکان لە ژن و منداڵ کە ئازاد دەکرێن، لە گرتووخانەی سەربازی عوفەر لە کەرتی ڕۆژئاوای داگیرکراو کۆدەکرێنەوە.

دیلە فەڵەستینییەکان کە یەکەم ڕۆژ ئازاد دەکرێن و هێشتا ژمارە و ناسنامەیان بڵاونەکراوەتەوە، دەهێنرێن بۆ خاڵی پشکنینی بیتونیا لە نزیک گرتووخانەی عوفەر و لەوێ ڕادەستی بەرپرسانی فەڵەستینی دەکرێن.

 

 

 

ئەمڕۆ شەقامێکی سلێمانی دادەخرێت
پێت ئەمڕۆ شەقامێکی سلێمانی دادەخرێت
ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل لە ١٥ هەزار کەس نزیك دەبێتەوە
دوات ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل لە ١٥ هەزار کەس نزیك دەبێتەوە
پەیوەندیدار