” ژمارەیەك فەرمانبەری هەرێمی كوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایان تۆماركردووە، داوا دەكەن سەرۆك وەزیرانو وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان پابەند بكرێن بە جێبەجێكردنی یاسای موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و بڕیارەكانیان بۆ راگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران هەڵبوەشێتەوە.
نۆ فەرمانبەری هەرێمی كوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایان لەسەر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتو ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی تۆماركردووە. رۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو، دادگای فیدراڵی یەكەم دانیشتنی دادبینی لەسەر سكاڵای ئەم فەرمانبەرانە بەڕێوەدەبات. سكاڵاكارەكان بریتین لە هەریەكە لە (ئەژی بەرزان عارف- محەمەد حسێن كەریم- خەبات لەتیف عارف- نەجمەدین محەمەد ساڵح- دلاوەر عەلی محەمەد- ئاوات ئازاد محەمەد تاڵ- دڵشاد محەمەد ئەمین- سامان عەلی ساڵح- رێبوار باهیر ئەحمەد).
سکاڵاکارەکان لە سكاڵاكەیاندا داوا لە دادگای فیدراڵی دەكەن هەریەكە لە سەرۆك وەزیرانو وەزیری دارایی هەرێم پابەند بكات بە جێبەجێكردنی دروستی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتو كەرتی گشتی ژمارە (٢٢)ی ساڵی ٢٠٠٨ی هەمواركراوی فیدراڵی، بەتایبەتی ماددەكانی (٦، ٧، ٨، و ٩)ی یاساكە.
لەبەشێكی تری سكاڵاكەدا، داوا لە دادگای فیدراڵی دەكەن بڕیارو رێنماییەكانی سەرۆك وەزیرانو وەزیری دارایی هەرێم لەبارەی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران هەڵبوەشێنێتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی ١٠ی ئەیلولی ئەمساڵ، دادگای فیدراڵی عێراق سكاڵایەكی ڕەتكردەوە كە (رێبوار ئەوڕەحمان) ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی ڕاگرتنی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم تۆماریكردبوو، دادگا ڕایگەیاند، ئەم بابەتە لە تایبەتمەندی كاری ئەوان نییە.