ئەنجومەنی كۆمسیۆنی ژنانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەبڕیارێكی ئەمریكای پەسەند كرد بۆ دوورخستنەوەی ئێران لە ئەندامێتی كۆمسیۆنەكە.
لە بەرامبەر بڕیارەكەدا ڕووسیا، چین، كۆریای باكوور، ڤەنزوئێلا، كوبا، ئێریتریا، سووریا وەستانەوە و پشتیوانی مانەوەی ئێرانیان لە كۆمسیۆندا كرد.
ئەم بڕیارە بەهۆی پێشێلكرانی مافەكانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێرانە لەلایەن دەوڵەتی كۆماری ئیسلامییەوە بەتایبەت لە ناڕەزایەتییەكانی سێ مانگی ڕابردوودا.
ماوەی سێ مانگە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان زۆرینەی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێرانی گرتووەتەوە لە كاردانەوە بە كوژرانی ژینا ئەمینی كچە كوردی شاری سەقز لە كاتی دەستگیركرانی لەلایەن پۆلیسی ئێرشادەوە.
ناڕەزایەتییەكان بە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ناسراون ئەم درووشمە سەرانسەری جیهانی تەنیوە.
لە بەرامبەر بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لەنیویۆرك شەوی ڕابردوو ئێرانییەكان ئاهەنگیان گێڕا بەبۆنەی بڕیارەكە و درووشمی ژن ژیان ئازادییان وتەوە.
لەناو ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە چەند شار و شارۆچكەیەك ئاهەنگ و شایی گێڕدران بەبۆنەی دەركرانی ئێران لە كۆمسیۆنی ژنانی نەتەوە یەكگرتووەكان.
باڵوێزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان شەرمەزاری لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانی ئێران و دەستگیركردن و پێشێلكردنی مافەكانی ژنانی لە ئێران كرد.
ئەم بڕیارە بە ئەنجامێكی گرنگی ناڕەزایەتییەكانی ژینا ئەمینی دادەندرێت و كاریگەری ئەرێنی بۆ ئەنجامە ئەرێنییەكانی ناڕەزایەتییەكانی ئێران دەبێت كە تاران ناچار دەكات سازش بۆ هاووڵاتیانی ناڕازی وڵاتەكەی بكات.