ئەنجومەنی ڕاژە ڕاپۆرتێك سەبارەت بە میلاکی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەرەنجامی پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم دەخاتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆدەبێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی، ڕاپۆرتێک سەبارەت بە میلاکی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەرەنجامی پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم دەخاتەڕوو.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی کۆنووسی کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزیری داد و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی شورای هەرێمی کوردستان، تایبەت بە دیاریکردنی چوارچێوەی یاسایی ئەو یاسا و بڕیارانەی پەرلەمانی کوردستان، کە لە دوای ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، کەوتوونەتە بواری جێبەجێ کردن.
ڕاشیگەیاند، لە بڕگەی سێیەم و کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، دوو بابەت دەخرێنەڕوو سەبارەت بە جێبەجێ كردنی بڕگە و ماددەکانی یاسای چاکسازیی، کە لەسەر راسپاردەی نووسینگەی سەرۆک وەزیران پێشنیاز کراوە بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران.