” دوای ٣٤ ساڵ حوکمڕانی گه‌یشتووینەتە ڕۆژێک كه‌ شه‌هیده‌كانمان ئاواتیان بۆ نه‌خواستووه‌”



لاهور شێخ جه‌نگی به‌بۆنه‌ی ڕۆژی شه‌هیدانی یه‌كێتی ڕایگەیاند، ئه‌وانه‌ی ئێستا حكومڕانی ده‌كه‌ن له‌ جیاتی وه‌فاداری و ئاسوده‌كرنی ڕۆحی شه‌هیده‌كانمان، بێ باكن له‌وه‌ی كه‌ چۆن منداڵ و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان بێنازكراون، بێباكن له‌وه‌ی گه‌له‌كه‌مان ڕۆژ به‌ڕۆژ بێهیواتر ده‌كرێت.

لاهور شێخ جه‌نگی له‌ په‌یامێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ” له‌ ڕۆژی شه‌هیدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا سه‌ری ڕێز و وه‌فاداری بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاری و ئازادیی كورستان داده‌نه‌وێنم، ئه‌مڕۆ به‌شكۆوه‌ یادی ئه‌و شه‌هیده‌ نه‌مرانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ڕووبارێك خوێنیان به‌خشی و گیانی خۆیان كرده‌ قوربانی بۆ به‌دیهێنانی مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌له‌كه‌یان، هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌ی نه‌به‌رد و قاره‌مان به‌ گیانبازی و فیداكاری و قوربانیدان سنگی خۆیان كرده‌ قه‌ڵغانی به‌رگریكردن له‌ دژی زوڵم و زۆر و داگیركاری”.

ئاماژەی بەوەشکرد‌، شه‌هیدان هه‌ریه‌كه‌یان مێژویه‌كی گه‌وره‌ و پڕ سه‌روه‌رییان بۆ خۆیان و خانه‌واده‌ و گه‌له‌كه‌یان تۆماركرد، ئه‌وان بوون به‌ سیمبولی خه‌بات و فیداكاری و بوونه‌ موڵكی گه‌له‌كه‌یان نه‌ك حزب و لایه‌نێك.

لاهور شێخ جه‌نگی ئەوەشی خستەڕوو، “شه‌هیدانی ئێمه‌ به‌وپه‌ڕی بوێریی و به‌ورئاسا خۆیان له‌ منداڵ و خانه‌واده‌كانیان بێناز كرد، خه‌باتیان كرد بۆ به‌دیهێنانی ئازادی، دیموكراسی، خۆشگوزه‌رانی و به‌خته‌وه‌ری بۆ میلله‌ته‌كه‌یان، ڕه‌نجی ماندوبوون و گیانفیدایی ئه‌وان ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌ی ڕه‌خساند بۆ گه‌له‌كه‌مان كه‌ بتوانن ئازادانه‌ بژین و پڕ هیواتربن بۆ ژیانێكی باشتر بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دوای ٣٤ ساڵ له‌ حكومڕانی سه‌ربه‌خۆ گه‌یشتووین به‌و ڕۆژه‌ی كه‌ هه‌رگیز شه‌هیده‌كانمان ئاواتیان بۆ نه‌خواستووه‌”.

وتیشی، “ئه‌وانه‌ی ئێستا حكومڕانی ده‌كه‌ن له‌ جیاتی وه‌فاداری و ئاسوده‌كرنی ڕۆحی شه‌هیده‌كانمان، بێ باكن له‌وه‌ی كه‌ چۆن منداڵ و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان بێنازكراون، بێباكن له‌وه‌ی گه‌له‌كه‌مان ڕۆژ به‌ ڕۆژ بێهیواتر ده‌كرێت،  له‌ پێناو پول، پاره‌، كۆشك، ته‌لار و ده‌ستكه‌وتی كه‌سی و حزبی خه‌ریكه‌ هه‌موو خه‌ونه‌كانی ئێوه‌ و هه‌موو ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه‌ به‌ خوێن و خه‌باتی ئێوه‌ به‌دیهاتووه‌ ده‌كه‌ن به‌ قوربانی مه‌رامه‌كانیان و جارێكیتر گه‌له‌كه‌مان بێهیواتر و بێ نیشتمان و بێ ناسنامه‌ ده‌كه‌ن، سه‌رشۆڕی بۆ ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر خوێنی ئێوه‌ هه‌ڵتۆقیون و خه‌ریكی خوێنمژینی گه‌ل و نیشتمانن”.

 

وەزیری پەروەردە: سزای هیچ مامۆستایەکمان نەداوە
پێت وەزیری پەروەردە: سزای هیچ مامۆستایەکمان نەداوە
ژیانى وەزیر و شکۆى ئیمپراتۆر…!
دوات ژیانى وەزیر و شکۆى ئیمپراتۆر…!
پەیوەنیدر