لە دوێنێوە شەپۆلێكی بەخوڕی باران بارین ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە و بەپێی بۆچوونی شارەزایانی كەشناسی-ش پەڵەی داوە و زیاتر لە 30 ملم باران باریوە، كە ئەوەش بەسە بۆ دیاری كردنی پەڵەدان.
سیروان ساڵح، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە هەموو ناوچەکانی گەرمیان پەڵەی داوە، لە دوێنێوە تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ زیاتر لە 30 ملم باران باریوە، ئەو داتایانەی بڵاوکراونەتەوە تا کاتژمێر 9 ی ئەم بەیانیەیه، بێ گومان دوای 9 ی بەیانی داتاکان تۆماریان نەکردووە.
وتیشی، “شوێن لە گەرمیان هەیە زیاتر لە 60 ملم بارانی لێ باریوە، بۆ نمونە سەنتەری شاری کەلار تەنها ئەمشەو و ئەمڕۆ تا نیوەڕۆ زیاتر لە 50 ملم باران باریوە”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە دهۆك و هەولێر بڕی باران بارین زیاتر بووە و بەپێی ڕاپۆرتی كەشناسی هەرێم لە شەوی ڕابردووەوە تاوەكو بەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە، “لە هەولێر 63 ملم و لە دهۆك 46 ملم و تەوێڵە 31 ملم و بیارە 29 ملم و كۆیە 52 ملم و حاجی ئۆمەران 27 ملم و هیران 63 ملم و قەرەداغ 25 ملم و بەرزنجە 38 ملم و پێنجوێن 23 ملم باران باریوە”.
پەڵەدان چییە؟
پەڵەدان، هەرچەندە وشەیەکی کشتوکاڵییە و لەناو خەڵكدا باوە، هاوکات زاراوەییەکی زانستیشە و واتە دەبێت ٣٠ بۆ ٤٠ ملیمەتر لە زەوی تەڕ ببێت.
ئێستا وەرزی پەڵەدانە، لە ڕووی زانستیەوە واتە ٣٠ بۆ ٤٠ ملیمەتر باران باریبێت، لەناو کوردەواریدا واتە ئەوەدنە باران ببارێت تا جوتیارەکان بتوانن زەوییەکان بکێڵن و ئەو گاسنەی زەویەکەی پێ دەکێڵن بچێتە قوڕ و زەویەکە وشک نەبێت.
د.سۆران محەمەد سەرۆک بەشی جوگرافیا لە زانکۆی سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، بارانی پەڵە دواکەوتووە، لە ئێستادا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا ناوچەکە لە نیمچە وشکەوە زیاتر وشک بووە.
بارانی پەڵە کەی دەبارێت؟
دوای کۆتایی هاتنی هاوین و سەرەتای پایز، کاتی بارانی پەڵەیە، ئەگەر لە رێكەوتی ١٥ی تشرینی یەکەم (مانگی 10) تاوەکو ١ی تشرینی دووەم (مانگی 11) بارانی تەواو ببارێت ئەوا پەڵەی پێشوەختەیە.
ئەگەر لە ١ی تشرینی دووەم تاوهكو ١٠ی تشرینی دووەم بارانی تەواو ببارێت ئەوا پەڵە لە کاتی خۆیەتی و ئەگەر لەو ماوەیەش دواتر بێت ئەوا پێی دەوترێت پەڵە دواكەوتووە.