سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هۆكاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بۆ “ئەو كەسانەی یاری بە نرخ دەكەن” دەگەڕێنێتەوە و بە “بازرگانی گوماناوی” وەسفیان دەكات.
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، حکومەت حەز دەکات هەموو ئاسانکارییەکی دارایی و پشتیوانی پێویست پێشکەش بە هەموو بازرگانەکان بکات لەپێناو كۆنتڕۆڵ كردنی نرخی بازاڕ.
ڕاشیگەیاندووە، ئەوانەی یاری بە نرخ دەكەن بەردەوامن لە بازرگانی گوماناوی خۆیان، ئەوەش بە دەستکاریکردنی نرخی فرۆشتنی کاڵا و شمەك تا ڕادەیەکی زیادەڕەوی بە بیانووی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار.
دەشڵێت: “داوا لە حکومەت و دەزگا ڕێکخەرەکانی دەکەین کۆنترۆڵی بازاڕ توندتر بکەنەوە، بۆ ئەوەی سەقامگیری نرخەکان مسۆگەر بکەن”.
جەختیشی كردۆتەوە، “ئێمە جەخت لەسەر پێویستی سەپاندنی توندترین سزا دەکەینەوە بەرامبەر بە ئەو بازرگانانەی هەژموونی خۆیان بەكاردەهێنن و دۆلار دەقۆزنەوە بۆ زیادكردنی نرخ”.