ماڵپەڕی (هەژماری من) فەرمانبەرانی 121 فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی لە سنووری هەولێر و كۆیە و سۆران و چۆمان و حاجی ئۆمەران ئاگاداردەكاتەوە، كە لەم مانگەدا لە سیستمی مووچەی ئەلیكترۆنی هەژمارەكە تۆماردەكرێن.
ماڵپەڕی (هەژماری من) ناوی 121 فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی بڵاوكردۆتەوە، كە لەم مانگەدا لە پرۆژەكەداتۆماركردنیان دەستی پێ كردووە و تاوەكوو كۆتایی مانگ تەواو دەكرێن و بەهۆیەوە سیستمی وەرگرتنی مووچەیان دەبێتە ئەلیكترۆنی و كارتی بانكی.
بەپێی ئەو خشتەیەی ماڵپەڕەكە بڵاویكردۆتەوە، هەندێك فەرمانگە لە بانكەكان مامەڵەكانیان بۆ دەكرێت و هەندێكی دیكەش لەنێو فەرمانگەكانی خۆیان لەلایەن بەشی ژمێریارییەوە هەژمارەكەیان بۆ دەكرێتەوە هەندێكی دیكەش لە لایەن كارمەندان و بریكارانی پرۆژەی (هەژماری من)ـەوە بۆیان دەكرێت.
بەپێی پڕۆژەی هەژماری من، فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم كارتی بانكییان بۆ دەكرێتەوە لەڕێگەی 5 بانكی تایبەتەوە، كە مووچەكانیان دەخرێتە سەر بانك و لەڕێگەی كارتی ئەلیكترۆنییەوە مووچەكانیان وەردەگرن.
بەپێی دواین داتاکانی لیژنەی سەرپەرشتیاری پرۆژەی (هەژماری من) لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە تاكوو ئێستا 150 هەزار مووچەخۆری هەرێمی کوردستان لە پرۆژەكە تۆمار کراون و دەبنە خاوەن هەژماری بانکیی تایبەت بە خۆیان.