دەزگای ئاسایشی ھەرێم دەستگیرکردنی ٥٥ تیرۆریستی داعشی راگەیاند کە سیانیان پلەی ئەمیریان ھەیە و ویستوویانە لەچەند شارێکی ھەرێم کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.
بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم، رایگەیاند، پێنج گروپ و تاقمی تیرۆریستی داعشیان دەستگیرکردووە لە ئەنجامی بەدواداچوونی ورد و چاودێریکردن، زانیارییان دەستکەوت کە تیرۆریستانی داعش پیلانیان داناوە بۆ ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تیرۆریستی لەچەند شار و ناوچەیەکی جیاجیا، دواتر لە سلێمانی و گەرمیان و ھەڵەبجە و شارەزوور و ناوچە دابڕێندراوەکان ژووری ئۆپەراسیۆن پێکھێنرا و لەئەنجامدا زانیاری وردیان لەسەر تیرۆریستەکان کۆکردەوە و دواتر ناسنامەی ئەندامانی گروپەکان و شوێن و مانەوەیان دەستنیشانکران.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پاش پێنج مانگ کارکردنی بەردەوام و لە دەیان ئۆپەراسیۆندا ٥٥ تیرۆریست کە ئەندامی تۆڕ و گروپەکانی داعش بوون دەستگیرکران، کە لەو ژمارەیە حەوتیان لە کەرکوک و ١٧یان لە سلێمانی و ١٢یان لە گەرمیان و ١٣یان لە ھەڵەبجە و سەیدسادق و شارەزوور و پێنجوێن لەگەڵ شەش تیرۆریستی دیکە کە پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ گروپەکەی کەرکوک ھەبووە لە سلێمانی دەستگیرکران.
دەقی راگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان:-
بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم پێنج گروپ و تاقمی تیرۆریستی داعش لە هەرێم ئاشکرادەکەن و ئەندامەکانیان دەستگیردەکات . سێ ئەمیریش دەستگیردەکرێت و شکست بەمەرامەکانیان دەهێنرێت کە پیلانیان دانابوو لەچەندین شاری هەرێم کردەوەی تیرۆریستی ئەنجامبدەن .
لەبەرئەنجامی بەدواداچوونی ورد و چاودێری دۆخی ئەمنی هەرێم کوردستان زانیاری سەرەتایی دەست هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم کەوت کە تیرۆریستانی داعش پیلانیان داناوە بۆ ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تیرۆریستی لەچەند شارو ناوچەیەکی جیاجیا .
پاش رەزامەندی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە هەریەک لەشارەکانی سلێمانی ، گەرمیان ، هەڵەبجە ، شارەزوور و ناوچە دابڕێندراوەکان ژوری ئۆپەراسیۆن پێکهێنرا و دەستبەکاربوون بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێریکردنی هەموو جموجۆڵەکانی تیرۆریستانی داعش .
سەرئەنجام پاش پێنج مانگ کارکردنی بەردەوام و شەونخونی هێزەکانمان پشت بەستوو بە بەڵگە ، زانیاری وردیان لەسەر شانە نەنستوەکانی تیرۆریستانی داعش دەستکەوت و تەواوی جموجۆڵەکانیان لە شارەکانی هەرێم خرانە ژێر چاوێری وردەوەو دواتر ناسنامەی ئەندامانی گروپەکان و شوێن و مانەوەیان دەستنیشانکران .
دوای رەزامەندی بەرێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش
لە دەیان ئۆپەراسیۆندا پەنجاو پێێنج ( ٥٥ ) تیرۆریست کە ئەندامی تۆڕو گروپە نەنستووەکانی داعش بوون لە کەرکوک ، سلێمانی ، گەرمیان ، هەڵەبجە ، سەیدسادق ، شارەزوور ، پێنجوێن دەستگیرکران کە سیانیان ئەمیر و تیرۆریستی هەرەتاوانبارن .
تۆڕی یەکەم / گروپی گەرمیان ( کەلار ) زانیاری لەسەر ئەندامانی گروپەکەو کردەوە تاوانکارییەکانیان .
ژمارەیان ١٢ تیرۆریستە فکری توندڕەویی و تیرۆریان لە ڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە وەرگرتووە ، پەیوەندیان لەگەڵ خانەوادە و کەسوکاری چەکداری داعش بەستووە ، مەرامیان بوو گروپەکانیان فراوانبکەن ، لە ئامادەکاریشدابوون بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی و پەیداکردنی چەک کە لە رۆژانی ( ٦ ، ٣١ ی ٨ ) ( ١٢ ، ١٣ ، ١٨ ی ٩ ) ی ٢٠٢٣ لە دوانزە هەڵمەتی جیاجیادا ئەمیرو ئەندامانی گروپەکە دەستگیرکران .
تۆڕی دووهەم / گروپی سلێمانی زانیاری لەسەر ئەندامەکانیان و تاوانکارییەکانیان
ژمارەیان ١٧ تیرۆریستە پەیوەندی راستەوخۆیان بە تیرۆریستانی داعشەوە هەبووە و سەرپەرشتی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاریان بۆ چەکدارانی داعش کردووە ، لە خۆرێکخستندابوون و لەباخێکدا مەشقی سەربازیان پێکراوەو پیلانیان داناوە بۆ ئەنجامدانی چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی ، لەهەوڵی پەیداکردنی چەک و تەقەمەنیدابوون بەڵام پێش جێبەجێکردنی مەرامەکانیان لە ( ٢١ ، ٣١ ی ١٠ ٢٠٢٣ ) لە حەڤدە هەڵمەتی سەرکەتوودا تیرۆریستانی ئەم گروپەش دەستگیرکران . هاوکات هەر دوو تیرۆریست ( ئ خ ، ) و ( ک ، ج ) لە گرتووخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی کە کەلەڕێگای مۆبایل و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە سەرپەرشتی پەیوەندی نێوان گروپەکانیان دەکرد ، دەستگیرکران کە راستەوخۆ پەیوەندیان بە گروپی کەرکوکەوە هەبوو ، پێشتر ئەم دوو تیرۆریستە هەرەتاوانبارە لە خۆکوژەکانی تیرۆریستانی داعش بوون هەروەها هەرلەناو گرتووخانەش دەستگیرا بەسەر مۆبایل و کەلوپەلەکانیان کە بەکاریانهێنابوو .
تیرۆریستی هەرە تاوانبار ( ه ، م ) ئەمیری گروپی سلێمانی بووە .
تۆڕی سێهەم / گروپی کەرکوک ، سەڵاحەدین ( دوزخورماتوو ) زانیاری لەسەر ئەندامانی شانەنەنستووەکانی داعش و تاوانکارییەکانیان
ژمارەیان ٧ تیرۆریستە سەرپەرشتی گواستنەوەی تیرۆریستانی داعشیان کردوە و شوێنیان بۆ داڵدەدانی شانە نەنستووەکانی داعش دابینکردووە و ئەرکیان کڕینی چەک و تەقەمەنیی بووە بۆ تیرۆریستان و پیلانیان دانابوو چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لەکەرکوک ئەنجامبدەن ودوای چاودێریکردنی وردیان و پێش ئەنجامدانی کارەتاوانکارییەکانیان لەلایەن هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بەهاوکاری هێزە عیراقییەکان ( دەزگای دژەتیرۆر ، بەشی هەواڵگری دووزخورماتوو ) هێزی تایبەتی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ، لە حەوت هەڵمەتدا ( ٣، ٨، ١٥ ی ١٠ ی ٢٠٢٣ ) لە کەرکوک و دووزخورماتوو دەستگیرکران .کە تیرۆریستی هەرەتاوانبار و ئەمیری گرپەکە لە کەرکوک ( ر، م ) لەو هەڵمەتانەدا دەستگیرکرا .
تۆڕی چوارەم / گروپی هەڵەبجە ، پێنجوێن ، سەیدسادق ، شارەزوور زانیاری لەسەر ئەندامانی شانە نەنستووەکانی داعش و تاوانکارییەکانیان
ژمارەیان ١٣ تیرۆریستە لەخۆڕێکخستندابوون و بەشداری چەند خولێکی مەشق و راهێنانیان لەسەر بەکارهینانی چەک کردوەو خۆیان ئامادەکردوە بۆ ئەنجامدانی چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لە سنورەکەیان پێشتریش ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەم گروپە رۆشتوونەتە ناو چەکدارانی تیرۆریستی داعش و رێنیشاندەرو هاوکاربوون بۆ گواستنەوەی چەکدارانی داعش و داڵدەدانیان و چارەسەرکردنی بریندارەکانیان .
لە ( ١٧ ، ٣١ ی ١٠ ) و (٧ ی ١١ ) ی ٢٠٢٣ لە هەڵەبجەو ناڵپارێز ( پێنجوێن ) و سەید سادق لە سیانزە هەڵمەتی پلان بۆ دانراودا دەستگیرکران .
تۆڕی پێنجەم
٦ تیرۆریست بوون کە پەیوەندی راستەوخۆیان بە گروپی کەرکوکەوە هەبووە لە ( ١٢ ، ١٤ ی ١٠ ی ٢٠٢٣ ) لە شەش هەڵمەتدا لە سلێمانی گیران کە ئەرکیان گواستنەوەی ئەو کەسانە بووە کە مەرامیان بوو بچنە ناو داعش ، کۆمەک و هاوکاریشیان کۆکردۆتەوە بۆ کەسوکاری تیرۆریستانی داعش .
کە لەسەرجەم هەڵمەتەکاندا دەستگیرا بەسەر چەندین پارچەچەک و مەوادی تەقەمەنی و خۆکوژی و خۆپارێزی تەواوی ئەندامانی تاقم و گروپە تیرۆریستییە دەستگیرکراوەکانیش مەرامیان بوو دوای ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستییەکانیان بچنە ناو چەکدارانی داعشەوە
لەبەر سەلامەتی رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان و هەستیاری کەیسەکە ، بەشێک لە زانیارییەکان بە شاراوەیی هێڵرانەوە .
ئاشکراکردنی ئەم پێنج شانە نەنستووەی تیرۆریستانی داعش و شکستهێنان بە مەرامەکانیان و دەستگیرکردنی ئەندامەکانیان ، بەرئەنجامی زیاتر لە سەدوپەنجا ( ١٥٠ ) رۆژ کارکردنی بەردەوامی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمە کەهەمیشە ئامادەییان هەیە و لەهەوڵدان بۆ پاراستنی ئارامی هەرێم .
هاوکات دەرخەری ئەو راستییەشە کە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان ئەولەویەتی کارکردنی هێزەکانمانە ، وەک هەمیشە سوپاسی پێپایانیش ئاڕاستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین کە هاوکارمان بوون و لەپشت سەرخستنی کردە ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییەکانمانەوەن .
پشتیوان بەخوای گەورە ، بە هاوکاری ئێوەی بەڕێزو دڵسۆز ناهێڵین هیچ پیلانێک ژیان لەخەڵکی خۆشەویستی خۆمان تێکبدات .