ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەهای دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ناجێگیرە، لە کاتی کردنەوەی بازاڕی دۆلارەکە بەیانی نرخەکەی بووە ١٥٨ هەزار دینار و ٩٠٠، ئێستاش ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بە ١٦٠ هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
دوێنێ بانکی ناوەندی بڕی ٢٢٥ ملیۆن و ٩٦٢ هەزار و ١٢٣ دۆلاری خستەبازاڕەوە، لەم بڕەش ١٥ ملیۆن و ٧١٠ هەزار دۆلاری بە نەقد بووە، هاوکات ئەمڕۆ بڕی ٢٢١ ملیۆن و ٤٢٥ هەزار و ٣٤٣ دۆلاری خستەبازاڕەوە، لەم بڕەش ١٠ ملیۆن و ٦٥٠ هەزاری بە نەقد بووە.
حکومەتی عێراقی لەگەڵ بانکی ناوەندی چەندین ڕێکاریان بۆ دابەزینی بەهای دۆلار گرتووەتەبەر، بەڵام دوێنێ بەهۆی دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە پۆستەکەی ترسی دروستبوونی نا سەقامگیری و ئاسایشی عێراق جارێکی دیکە بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار.
هاوکات ئەمڕۆ بانکی ناوەندی کەمترین بڕی دۆلاری نەقدی بەراورد بە ماوەی ڕابردوو خستە بازاڕەوە ئەمەش نیگەرانییەکان لە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار زیاد دەکات.